بەڵگەفیلمی نامەیەک بۆ باوکم لە فێستیڤاڵی فیلمی لەندەن نمایشکرا

27-04-2021
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەڵگەفیلمی "نامەیەک بۆ باوکم"، کە لەدەرهێنانی ئیبراهیم سەلمانە، و ئەحمەد زاوێتەیی پرۆدیوسەری بەڵگەفیلمەکەیە، لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن نمایشکرا.
 
لەمبارەیەوە ئیبراهیم سەلمان بەرووداوی راگەیاند" من دەمەوێت لەرێگەی ئەم فیلمەوە بەهەموو جیهان بڵێم، کە گەلی کورد لە چ مەینەتییەکدا بووە، چەندە ئازار و دەربەدەری بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر مرۆڤێکی سەر ئەم زەمینە باوکێکی هەیە، رەنگە زۆربەیان باوکی خۆیان خۆشبووێت، باوک لێرە وەکو سیمبوڵێکە، بۆیە باوکم لەسەرەتاوە ئامۆژگاری کردووم، کە بخوێنم و خزمەتی کوردستان بکەم".
 
لەبارەی بەشداریکردنی ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان ئیبراهیم سەلمان گوتی"تاوەکو ئێستا ئەم بەڵگەفیلمە لە 7 فێستیڤاڵ بەشداریکردووە و نمایشكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی 3 خەڵاتی نێودەوڵەتی وەربگرێت، هاوکات لە سێ فێستیڤاڵیشدا لە قۆناخی کۆتایی وەرگرتنی خەڵاتدا بووە".
 
فیلمی کاروانێکی بێ دەنگ، کە لە دەرهێنانی ئیبراهیم سلێمان بوو، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە، چی وایکردووە ئەم فیلمە زوو بچێتە نێو دڵی خەڵکی؟ ئیبراهیم سەلمان دەڵێت" چونکە ئەم فیلمە چیرۆکی راستەقینەی نێو خەڵک و خەباتی گەلی کوردی نیشانداوە، چیرۆکی هەموو کوردستان لەیەک گوندا وێنادەکات، بۆیە لەدڵی خەڵکی نزیکەو زوو هۆگری دەبن".
 
بەڵگەفیلمی نامەیەک بۆ باوکم لە کوردستان وێنەگیراوەو لە هۆڵەندا کاری مۆنتاژکردنی بۆ ئەنجامدراوە،بەڵگەفیلمێک لەشێوەی نامەیەکە لە کوڕێکەوە بۆ باوکی نووسراوەو پەیامی خۆی لەرێگەی ئەم نامەوە بۆ هەموو جیهان دەنێرێت.
 
ئیبراهیم سەلمان لە ساڵی 1952 لە شاری دهۆک لە دایکبووە، لە ساڵانی 1972 تاوەکو ساڵی 1980 لە بەغدا وەکو نووسەر، دەرهێنەر ، ئەکتەر و پێشکەشکار کاری کردووە، لە ساڵی 1981 بۆ وڵاتی هۆڵەندا کۆچدەکات، لەوێ چەندین بەرهەمی شانۆیی نووسیوەو کاری دەر‌هێنانی بۆ ئەنجامداوە، یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمی بەناوی کاروانێکی بێ دەنگ بوو، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کورتە فیلمی بەرهەمهێناوە و دەیان خەڵاتی جیهانیشی وەرگرتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە