موکەڕەم تاڵەبانی، نووسەر و سیاسەتڤانی کورد کۆچی دواییکرد

24-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسەر و سیاسەتڤانی کوردستان، موکەڕەم تاڵەبانی لە تەمەنی 102 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 24-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نووسەر و سیاسەتڤان موکەڕەم تاڵەبانی لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.
 
هەروەها دکتۆر ئاسۆ فەرەیدوون، کە خوشکەزای موکەڕەم تاڵەبانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی راپەڕین لە شاری سلێمانی تەرمی ئەو نووسەرەی کورد بەخاک دەسپێردرێت.
 
ئاسۆ فەرەیدوون ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی شەممە یەکەم رۆژی پرسە دەبێت لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی ناسراو بە (ئەحە سوور) لە شاری سلێمانی و یەکشەممە لە کەرکووک پرسەی بۆ دادەنرێت.
 
موکەڕەم شێخ جەمال شێخ محەممەد، ناسراو بە موکەڕەم تاڵەبانی، ساڵی 1923 لە کەرکووک لە دایکبووە.
 
موکەڕەم تاڵەبانی نووسەر و سیاسەتڤان، لە ساڵی 1937 بەشدار بووە لە دامەزراندنی حیزبی هیوا. هەروەها دوای هەڵوەشاندنەوە حیزبەکە ساڵی 1945 بووە بە ئەندامی حیزبی شیوعیی عێراق.
 
لە سەردەمی پاشایەتیدا چەند ساڵێک دەخرێتە زیندانەوە. لە ساڵی 1972 لە حکومەتی عێراقیدا دەبێتە وەزیر. زۆر لە سەرکردەکانی بەعسی لە نزیکەوە ناسیووە و چەندینجار سەرکۆماری ئەوکاتەی عێراق، ئەحمەد حەسەن بەکری بینیوە. لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ سەددام حوسێندا هەبووە. 
 
هەمیشە وەکو ناوبژیوانکەر لەنێوان حکومەتی عێراقی و پارتە کوردییەکاندا بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵی بینیوە.
 
ئاداری ساڵی 2023، کتێبی "باریکەڕێیەکانی ژیانی موکەڕەم تاڵەبانی" لە 518 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە، تێیدا لە 501 وێستگەی جیاوازدا، سەرگوزەشتە و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی موکەڕەم تاڵەبانی دەگێڕێتەوە.
 
پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینی تایبەتی لەگەڵ د. موکەڕەم تاڵەبانی کردووە کە ئەوکات تەمەنی 94 ساڵ بوو. لێرەوە هەردوو بەشی هەڤپەیڤینەکە ببینە: 
 
بەشی یەکەم
 

 

بەشی دووەم 
 

.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە