رووداو دیجیتاڵ
ماڵی میوزیکیی زەهاوی کە لەلایەن هەژار زەهاوی، دەفژەنی ناسراوی کورد سەپەرشتی دەکرێت، کۆنسێرتێکی تایبەت لە شاری هەڵەبجە ساز دەکات، تێیدا دوو گرووپی میوزیکیی یەکیکیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوەی دیکەیان لە باشووری کوردستان بەشدارن.
هەژار زەهاوی، دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری ماڵی میوزیکیی زەهاوی و سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە، بە رووداوی راگەیاند: "لە درێژەی ئەو کۆنسێرتانەی ئەمساڵ پێشکێشمان کردوون، وێستگەی داهاتوومان شاری هەڵەبجە دەبێت. کۆنسێرتەکە شەوی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025 لە پارکی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت".
سەبارەت بە بەشداربووانی کۆنسێرتەکە، هەژار زەهاوی گوتی: "کۆنسێرتەکە تایبەتە بە گرووپی میوزیکیی نۆژین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پڕۆژەی میوزیکیی (11:11) لە باشووری کوردستان.
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە کۆنسێرتەکانی ئەمساڵیدا، ئامانجی ناساندنی گرووپە میوزیکییە کوردییەکانە لە چوار پارچەی کوردستان و کۆکردنەوەیانە لە چوارچێوی کۆنسێرتێک.
کۆنسێرتەکە کاژێر 08:00ـی شەو، بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەرێوەدەچێت و هاتن بۆ هەمووانە.
پڕۆژەی هونەریی (11:11) کە ماوەی دوو ساڵە کار بۆ بەستنەوەی هونەری رەسەنی کوردی بە جیهانی مۆدێرن دەکات، بەم دواییە نوێترین ڤیدیۆکلیپی نوێکردنەوەی گۆرانییەکی محەممەد ماملێ بەناوی (ئەی یار) کە لەنێو سرووشتی جوانی مێرگەپان وێنەگیراوە.

