ئەیام ئەکرەم: گۆڤار ئەنوەر لە خەمی کرێی خانوودا مرد

21-08-2022
سۆران حوسێن
هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کە رۆژی 20-08-2022 کۆچی دواییکرد، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کە رۆژی 20-08-2022 کۆچی دواییکرد، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای نزیکەی 30 ساڵ لە خزمەتی هونەری کوردی، هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کۆچی دواییکرد؛ هاوڕێیەکی باس لە دۆخی ژیان و کاتی نەخۆشیی گۆڤار ئەنوەر دەکات و دەڵێت، لە خەمی کرێ خانوو و هەژاریدا مرد.
 
رۆژی یەکشەممە 21ـی ئابی 2022، ئەیام ئەکرەم، هونەرمەند و هاوڕێی هونەرمەندی کۆچکردوو گۆڤار ئەنوەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەشت مانگ رۆژانە گۆڤارم دەبرد بۆ نەخۆشخانە، لە تورکیا چارەسەریی هەبوو، بەڵام کەس هاوکاریی نەکرد".
 
ئەیام ئەکرەم دەڵێت، لەگەڵ گۆڤاردا لە زۆر دەرگەی بەرپرسان و رێکخراوەکانیان داوە، بەڵام هاوکاریی نەکراون بەگوێرەی پێویست و دەشڵیت: "چووینەتە لای بەرپرسی زۆر باڵا، 100 هەزار بۆ 200 هەزار دیناریان پێدەدا، ئەوەش هیچی نەدەکرد".
 
گۆڤار ئەنوەر لە ساڵی 1993 بەشداریی لە یەکەم کاری هونەری کردووە، ئەویش شانۆگەرییەک بووە لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بەناوی "منم دکتۆر"، هەروەها بەشداریی لە پێنج فیلمی سکرین، دوو کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردووە.
 
ئەیام ئەکرەم باس لەدوایین کاتەکانی ژیانی گۆڤار ئەنوەر دەکات و دەڵێت: "دوێنێ کاژێر 01:00ی نیوەڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی ئەیام وەرە بۆلام؛ رۆشتم گوتی بابچینە نەخۆشخانە، منیش بردم و وەکو هەموو جارێک چارەسەرێکی سەرەتایی بۆکراو گەڕاینەوە ماڵەوە؛ چارەسەری ئەو لێرە نەبوو، ئەو پارەی نۆرینگەیەکی باشیشی نەبوو".
 
گۆڤار ئەنوەر بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەیناڵاند، پێشتر ئەو هونەرمەندە لەبارەی نەخۆشییەکانییەوە بە رووداوی گوتبوو، "تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لەناو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستە." 
 
ئەیام ئەکرەم ئاماژەی بەوەشکرد، کە تەندروستیی گۆڤار هێندە خراپ نەبووە و ئەو پێیوانەبوو بەوشێوەیە بێت ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
 
گۆڤار لە تەمەنی 44 ساڵیدا لە ماڵەکەیدا کۆچی دواییکرد. ئەو هونەرمەندە باوکی دوو کچ و کوڕێکە؛ ئەیام ئەکرەم دەڵێت: "داواکارم هاوکاریی خێزانەکەی بکرێت، هاوژینەکەی گەنجە و سێ منداڵی هەیە و کرێچین، پێویستە لانیکەم مووچەیەکیان هەبێت بتوانن کرێی خانووەکەیان بدەن".
 
سەبارەت بە کۆچی دوایی هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت: "بۆ كۆچى ناواده‌ى هونه‌رمه‌ندى بوارى نواندن و كۆمیديا خوالێخۆشبوو گۆڤار ئه‌نوه‌ر، سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكارى به‌ڕێزيان و هونه‌رمه‌ندانى هه‌ولێر و كوردستان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌ميانم، گۆڤار ئه‌نوه‌ر به‌ نواندن و كاره‌ كۆمیدييه‌كانى جێگه‌ى خۆى له‌ دڵى جه‌ماوه‌رێكى فراوانى كوردستاندا كردبووه‌وه‌ و خۆشه‌ويست و مايه‌ى رێز بوو. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گيانى به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و دڵنه‌وايى و ئارامى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت".
 
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەرم بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆست و ئاشنایانی دەکەم و ھاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە ھەمووان ببەخشێت."
 
گۆڤار ئەنوەر لە 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر بوو، شەوی 20ـی ئابی 2022، کۆچی دواییکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە