زەکەریا عەبدوڵڵا بەشداریی کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان دەکات

20-09-2017
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن زەکەریا عەبدوڵڵا
A+ A-

رووداو- هەولێر

زەکەریا عەبدوڵڵا، هونەرمەندی ناوداری کورد کۆنسێرتێکی مەزن بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری سازبکات.


 فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری  و هونەری هەولێر، هاوکات ئەندامی لیژنەی کەرنەڤاڵەکەی رۆژی هەینییە، لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند " لە ئێوارەی رۆژی هەینی 22-9-2017، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەورەترین کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری سازدەکرێت، کە دوای چەندین ساڵ دابڕان هونەرمەندی کورد زەکەریا عەبدوڵڵا بە چەپکێک گۆرانییەوە دەگەڕێتەوە نێو بواری هونەرییەوە و پشگیریش لە گشتپرسی و سەربەخۆی کوردستان دەکات".

فەرهەنگ غەفوور، ئاماژەی بەوەشدا کە چەند سوپرایزێک لەم کەرنەڤاڵە دەکرێت، ئەو گوتی " لەگەڵ ئەوەی لەم رۆژدا کۆنسێرتێکی تایبەت بۆ زەکەریا عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت، هاوکات چەندین دەنگبێژی دیکەی کورد بەشداری لەم کەرنەڤاڵە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هاونیشتمانیان ئاگادار دەکەمەوە، کە چەند سوپرایزێکمان بۆ ئەوان هەیە".

موراد سەکەریالی ، مایسترۆی گرووپی میوزیکی زەکەریا، دوێنی 19-9-2017 بە خۆی گرووپەکەی گەیشتنە فرۆکەخانەی هەولێر و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی کە هاتوون کۆنسێرتێکی نایاب لە هەولێر بۆ زەکەریا ساز بکەن، گوتیشی " دەزانین خەڵکی کوردستان بیری ئێمەی کردووە و هەڵبەتە ئێمەش بیری خەڵکی کوردستان و هەولێرمان کردووە".

رووداو یەکەمین کەناڵی کوردی بوو، مژدەی گەڕانەوەی هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵای بۆ نێو بواری هونەری بڵاوکردەوە، ئێستاش زەکەریا بەخۆی گرووپەکەی لە هەولێرن و سەرقاڵی پرۆڤەکردنن بۆ گەورەترین کەرنەڤاڵی گشتپرسی و سەربەخۆی کوردستان، کە لە کاژێر 5ی ئێوارەی رۆژی 22-9-2017 بەڕێوەدەچێت.

هەر دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی گەڕانەوەی زەکەریا و سازکردنی کۆنسێرت لە هەولێر، لە نێو سوشیال میدیایدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، سەدان هاونیشتمانیان دڵخۆشی و شادومانی خۆیان بە کۆمێنێت و دەستخۆشی بۆ رووداو دەربڕیوە، بەشێک لە خەڵکیش گەڕانەوەی زەکەریا بۆ نێو هونەر بە خۆشترین هەواڵ لە ژیانیان وەسفکردوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە