رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێ، لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان عێراق و تورکیا، سێ بەنداوی نوێ لە چەند پارێزگایەکی وڵات دروست دەکرێن؛ هاوکات دیزاین و رێکارەکانی دروستکردنی 13 بەنداوی دیکەی گلدانەوەی ئاو لە نەینەوا، نەجەف، موسەننا و دیالە بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی پڕۆژەکانی ئاودێریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم پڕۆژانە بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئاوی باران و لافاوە، کە دەخرێنە خزمەت کەرتی کشتوکاڵ، کەمکردنەوەی بەبیابانبوون و نیشتەجێکردنی کۆچەرییەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا، دیزاینی سێ بەنداو تەواوکراوە و ئامادەیە تاوەکو لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە دەست بە دروستکردنیان بکرێ، کە بریتین لە:
- بەنداوی خەرز لە پارێزگای موسەننا
- بەنداوی ئەبیەز لە ناوچەی عەین تەمر لە پارێزگای کەربەلا
- بەنداوی ئەبو تاکیە لە پارێزگای نەینەوا
خالید شیمال ئاماژەی بەوەش کرد، لە پاکێجی دووەمی رێککەوتنەکەدا پێشنیازی دروستکردنی سێ بەنداوی دیکەش کراوە، کە ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە بۆ دیاریکردنی شوێنە گونجاوەکانیان.
13 بەنداوی گلدانەوەی ئاو لە نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە
سەبارەت بە پڕۆژەکانی کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاو کە لەلایەن وەزارەتەکەوە جێبەجێ دەکرێن، گوتەبێژی وەزارەتەکە روونیکردەوە کە دیزاینی بۆ 5 بەنداوی بچووک لە پارێزگای نەینەوا ئامادەیە، ئەوانیش (شێخ بەکر 1، شێخ بەکر 2، عەین عەلەق، عەین بەعشیقە و عەین بەحزانی)، کە لە دووانیاندا کارکردن بە کرداری دەستیپێکردووە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە 8 بەنداوی دیکەش لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و داڕشتنی دیزاینی کۆتاییدان و بەمشێوەیە دابەشبوون:
- سێ بەنداو لە پارێزگای نەینەوا.
- دوو بەنداو لە پارێزگای نەجەف.
- دوو بەنداو لە پارێزگای موسەننا.
- یەک بەنداو لە پارێزگای دیالە.
خالید شیمال باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لە پەیوەندیدان بۆ دروستکردنی چەند بەنداوێک و گوتی: "ئەم بەنداوە نوێیانە پێش دەستپێکردنیان دەکەونە ژێر هەڵسەنگاندنی وردی ژینگەیی و هایدرۆلۆجی، بۆ ئەوەی گونجاوترین شوێن لە رووی زانستی و ژینگەییەوە دەستنیشان بکرێ."
روونیشیکردەوە کە دروستکردنی ئەم بەنداوانە جگە لەوەی یەدەگێکی نوێی ئاو بۆ عێراق دروست دەکات، هاوکات دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ناوچە کەمئاوەکان، کۆنترۆڵکردنی لافاو، دابینکردنی ئاو بۆ ئاژەڵداری و سنووردانان بۆ دیاردەی بەبیابانبوون کە ساڵانە رووبەرێکی فراوانی خاکی عێراق دادەپۆشێت.


