رووداو - ھەولێر
خانمە گۆرانیبێژێکی کورد بە ھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، رۆژی شەممە لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد .
محەممەد عارف خوشکەزای خانمە گۆرانیبێژ دالیا لەلێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند:" بە داخەوە ئەمڕۆ کاژێر3-ی سەرلەبەیانی لە وڵاتی ئەڵمانیا خانمە گۆرانیبێژ دالیا ئەحمەد کۆچی دواییکرد و بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین".
محەممەد عارف ھۆکاری مردنەکەی بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت:" زیاتر لە 6 ساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و بە ھۆی ئەم نەخۆشییەوە دەیناڵاند و بۆیە ئەمڕۆ بەیەکجاری کۆچی دواییکرد .
محەممەد دەشڵێت:" کە خۆیان بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان نەگوتووە بۆ ھاوکارییکردن چونکە دەیانزانی ھچیان بۆ ناکات و رەتیاندەکەنەوە".
دالیا ئەحمەد خاوەنی 4 بەرھەمی گۆرانییە، لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا بووە، ھەروەھا بە گۆرانی رێگا ناوبانگی دەرکرد، بە ھۆی نەخۆشییەوە ئەمڕۆ لە تەمەنی 41 ساڵی لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.






