رووداو دیجیتاڵ
دۆخی "نە شەڕ و نە ئاشتی" لە ناوچەکە، نرخی زێڕی خستووەتە سەر دووڕیانێکی نادیار، رۆژێک بەرزبوونەوە و رۆژێکی دیکە دابەزین. ئەم ناجێگیرییە وایکردووە لە بازاڕی زێڕی هەولێر، بێدەنگییەک باڵ بکێشێت و زۆربەی ئەوانەی پرسیاری نرخی لێدەکرێت، تەنیا یەک وەڵامیان هەبێت: "نازانین".
ماوەی چەند رۆژێکە نرخی زێڕ رووی لە دابەزینە، ئەمەش بازاڕی هەولێری تووشی جۆرێک لە شۆک و سستی کردووە. فازڵ محەممەد، یەکێک لەو کڕیارانەیە لەگەڵ دایک و باوکی لەنێو بازاڕەکەدا لە دوکانێکەوە بۆ دوکانێکی دیکە دەچێت؛ ئەو دەیەوێت بەو پارەیەی لەبەردەستیدایە "لیرە" بۆ مەبەستی قازانج بکڕێت، دایکیشی دەیەوێت لەم دەرفەتی دابەزینەدا چەند پارچە زێڕێکی جوانکاری بکڕێت.
فازڵ محەممەد پێیوایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ کڕین و دەڵێت: "ئەمە دەرفەتێکە بۆ خەڵک زێڕ بکڕن، چونکە نرخەکەی هەروا بە نزمی نامێنێتەوە". کاتێکیش پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت کە زێڕ هەڵبگرێت یان پارە؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێت: "وەڵا زێڕ".
زەهرا مستەفا، کڕیارێکی دیکەی زێڕە و وەکو زۆربەی ژنان خولیای ئەو کانزا زەردەی هەیە، ئەو دەڵێت "ئاروەڵا حەزم لە زێڕە" و دابەزینی نرخەکانیش هانی داوە سەردانی بازاڕ بکات.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی 24ی حوزەیران، نرخی زێڕ بەمشێوەیە بووە:
- یەک ئۆنسە زێڕ: 4011 دۆلار.
- یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18: 762 هەزار دینار.
- یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21: 888 هەزار دینار.
محەممەد کەنعان، زێڕنگرە لە بازاڕی هەولێر، باس لە دوو جۆر کاردانەوەی خەڵک دەکات و دەڵێت: "دابەزینی نرخەکان ترسێکی لای خەڵک دروستکردووە، هەندێک دەڵێن هێشتا دادەبەزێت و بەپەلە دێن دەیفرۆشن، بەڵام هەندێکی دیکە شارەزاییان پەیدا کردووە و ناترسن، دەزانن سروشتی زێڕ وایە و لە کۆتاییدا هەر بەرەو سەرەوە دەچێت".
هەندرێن وەرتێ، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە ئاڵۆزیی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "دڵنیاین لەوەی لە ئاییندەدا زێڕ گران دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، نازانین کەی و چۆن ئەو بەرزبوونەوەیە دەستپێدەکات".
جگە لە پرسە سیاسییەکان و دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، چاوی بازاڕە جیهانییەکان لەسەر ئامارەکانی هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەرە لە ئەمریکا کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بڵاوبکرێنەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئامارانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نرخەکان هەبێت، هەرچەندە زۆربەی پێشبینییەکان بۆ ئێستا بەرەو دابەزینی زیاتری نرخی زێڕن.



.jpg&w=3840&q=75)