رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر دەڵێ، مزگەوتی رەشاد موفتی لە گەڕەکی مەنتکاوە نۆژەن دەکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 24-6-2026، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر بە رووداوی گوت، مزگەوتەکە بە شێوەیەکی تازە لەسەر ئەرکی مامۆستا ئیحسان موفتی نۆژەن دەکرێتەوە و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن.
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر گوتی: "مزگەوتەکە لە ساڵی 1970 دروست کراوە و تائێستا چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام ئەم جارە هەموو مزگەوتەکە تاوەکو بناخەکەی هەڵتەکێندراوە و چاک دەکرێتەوە."
نەبەز ئیسماعیل گوتیشی: "لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەدا دەستکاری نەخشە و ئەندازە کۆنەکەی ناکرێ، بەڵام هەموو وردەکارییەکانی ئاو، ئاوەڕۆ و بەشەکانی دیکە بە جوانترین شێوە نۆژەن دەکرێنەوە."
رەشاد موفتی (1912-1992) زانا، دادوەر و ئەدیبێکی ناوداری شاری هەولێر بوو، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئاینی لە زانکۆی ئەزهەری میسر لە ساڵی 1934 گەڕایەوە کوردستان و زیاتر لە 40 ساڵ وەک گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی قەڵا خزمەتی کرد.
رەشاد موفتی لە ساڵی 1956ەوە وەک دادوەری شەرعی لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کاری کرد تاوەکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 1978.
ئەم زانایە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی دەزانی و یەکەم کەس بوو مەولوودنامەی بە شیعر و بە زمانی کوردی لە ساڵی 1961 چاپ کرا. رەشاد موفتی خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراو و دەستنووسە لە بوارەکانی ئاین، ئەدەب و مێژوودا و لە 12ـی ئەیلوولی 1992 کۆچی دوایی کرد و لە هەولێر بە خاک سپێردرا.


