رووداو دیجیتاڵ
شانۆگەری "دواڕۆژەکانی بابلۆ" لە هەولێر دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی یەک مانگ رۆژانە لە کاژێر شەشی ئێوارە لە هۆڵی میدیا نمایشکردنی بەردەوام بێت. ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی شوان کەریمە و سۆران عوسمان بەرهەمهێنەریەتی و رێشان حەمۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و میوزیک ئامێزەکانە.
پێشتر شانۆگەرییەکە بۆماوەی 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکراو زیاتر لە 26 هەزار بینەری هەبوو، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکەیە.
شوان کەریم، دەرهێنەری دواڕۆژەکانی بابلۆ دەڵێت، "زۆر زۆر خۆش بوو، زۆر گەرم و گوڕ بوو، بینەرێکی زۆر جوان شایەنی هەموو کارێکی باش و جوانن ستافەکە دەبینم چەند ماندووبووبن ئەم چەند رۆژە، بەڵام ئێستا تەواو حەسانەوە، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەو گەرموگوڕییە هیوادارم رۆژانی داهاتووش بەهەمان شێوە بەردەوامبن وە هیوادارم نمایشەکە زۆر درێژە بکێشێت".
"دواڕۆژەکانی بابلۆ" باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "پێش هەموو شتێک زۆر بەخێرهاتنیان دەکەم کە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی نمایشی شانۆکەیان بوو لە شاری هەولێر بەڕاستی کاتەکەی زۆر درێژبوو، بەڵام هەموو مەشهەدەکانی هەموو حیوار و گفتوگۆکانی واتدەزانی کاتەکەی هێشتا دەستیپێنەکردووە بەگەرمی دەستخۆشیان لێدەکەم بەڕاستی شتێکی زۆر جوانیان پێشکەشکرد".
بیلال شاکر، بینەرێکی شانۆگەرییەکەیە و دەڵێت، "ئەم شانۆیە رووحێکی تازەی بە شانۆی کوردستان بەخشی بەڕاستی ئیشێکی تایبەت بوو، بەڕای من تاکە تاکە خەڵکی کوردستان دەبێ ئەم شانۆیە ببینێت و، دڵنیاش بن پەشیمان نابنەوە لە بینینی".
فەرەنگیز قادری، بینەرێکی دیکە، دەڵێت، "لە هەمووی بۆ من سەرەنجڕاکێشتر بەکارهێنانی میوزیک بوو لە ناوی زۆر سەرکەوتووانە بەکاریانهێنا زۆر داهێنەرانە".
جێژوان جاف، بینەری شانۆگەری دوا رۆژەکانی بابلۆ دەڵێت، "بەڕاستی نازانم بێ قسە ماوم، ئەمڕۆ زۆر هێزێکی گەورەم بینی لەسەر ئەم تەختی شانۆیە، من 100٪ پێمخۆشە دووبارە بێمەوە و زیاتر لێی تێبگەم لێی قووڵ ببمەوە بەڕاستی کاریگەر بوو".
ماوەی نمایشەکە 100 خولەکە، لەم بەرهەمە شانۆییەدا رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵ دەبینن.
رێشان حەمۆ، ئەکتەری سەرەکیی شانۆگەری دوا رۆژەکانی بابلۆ دەڵێت، "هەستم دەکرد زیاتربوو لەوەی چاوەڕێم دەکرد لەلایەن بینەرەوە، زۆر دڵخۆش بووم هەموویان پەیوەندییان هەبوو لەگەڵ ئێمەدا هەرچەند یەکەم رۆژیشمان بوو زۆر دڵخۆشم کە لە شاری هەولێر بەم شێوەیە پێشوازی لەم شانۆیە کرا".
ستافی شانۆیی "دوا رۆژەکانی بابلۆ" شانۆگەرییەکە لە کەرکووک، دهۆک و ئەڵمانیا نمایش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ