رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند تەیار عەلی و هونەرمەند شێندا بەسریی هاوژینی، گۆرانییەکی نوێیان بە ناوی "نەوێرم" بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە نوێیە کە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، پەیامێکی هونەری و فیکریی تایبەتی هەیە و تێیدا جەخت لەسەر بەهرەی مرۆیی و دەوڵەمەندیی زمانی کوردی کراوەتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە قۆناغەکانی دروستکردنی ئەم کارە، هونەرمەند تەیار عەلی ئاماژەی بەوە کرد، کە کارکردن لەسەر ئەم بەرهەمە ماوەیەکی زۆری خایاندووە و چەندین کەسی شارەزا و خاوەن توانا تێیدا بەشدار بوونە، تاوەکو بەم شێوەیە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
شیعری و ئاوازی ئەم بەرهەمە لەلایەن خودی تەیار عەلی خۆیەوە دانراوە و لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوەو کلیپی بۆ کراوە. هەروەها کاری دابەشکردنی میوزیک لەلایەن رێناس کورداخەوە کراوە.
سەبارەت بە بەشداریکردنی شێندا بەسریی هاوژینی وەک دەنگی دووەمی ئەم بەرهەمە، تەیار عەلی دەڵێت: "لەبەر ئەوەی میوزیک لەسەر بنەمای هاوبەشی بنیات دەنرێت، پێویست بوو کەسێکی بەرامبەر زەنگینیەک بەم بەرهەمە ببەخشێت. بۆیە بوونی هاوسەرەکەم، شێندا بەسری، زۆر گرنگ بوو کە وەک پەنجەمۆرێکی دەنگی ژنانەی بەتوانا بەشدار بوو."
هونەرمەند تەیار عەلی لەبارەی پەیامی ئەم بەرهەمە، سێ پەیامی سەرەکی باس دەکات:
1. سنووردارکردن یان بەرەنگاربوونەوەی ژیریی دەستکرد (AI): جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەکارهێنانی رێژەیی ژیریی دەستکرد بەهرەی رەسەنی مرۆڤ پەکدەخات و مەبەست ئەوەیە پیشان بدرێت مرۆڤ خۆی بە شێوازێکی داهێنەرانە دەتوانێت مۆسیقایەکی جوان و رەسەن بەرهەمبهێنێت.
2. بەکارهێنانی شیعری کوردیی نوێ: گرنگیدان بە تێکست و شیعرێکی نوێ و مۆدێرن بە ئاستێکی بەرز لە ناو سترانی کوردییدا، بە جۆرێک کە سەرنج بدرێتە سەر فۆنەتیکی زمانی کوردی و بەکارهێنانی وردی پیتی دەنگدەر بە شێوازێکی هونەری.
3. گەیاندنی جوانیی زمانی کوردی بە جیهان: ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە کەسانی بیانیش بتوانن لە رێگەی دەنگ و مۆسیقاوە هەست بە جوانی و رەسەنایەتیی زمانی کوردی بکەن، چونکە پەیوەندیی نێوان مۆسیقا و زمان لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی هەستیار و دەنگییە.
هونەرمەند تەیار عەلی و شیندای هاوژینی، کوردی رۆژئاوای کوردستانن و خەڵکی کۆبانێن، نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستا، بەیەکەوە گۆرانییەکیان بۆ کۆبانێ گوت، کە ئەوکات بە هۆی هێرشەکانی داعش و بەرگرییەککانی شەڕڤان و پێشمەرگە، ببووە جێی سەرنجی هەموو جیهان.

.jpg&w=3840&q=75)