مەم ئارارات بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

14-03-2024
پەسار فایەق
هونەرمەند مەم ئارارات
هونەرمەند مەم ئارارات
نیشانەکردن مەم ئارارات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند مەم ئارارات، نوێترین بەرهەمی بەناوی "تە دلێ من شکاند" بەشێوەی ڤیدیۆگرافیک بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە وەک زۆربەی بەرهەمەکانی دیکەی ئەو هونەرمەندە، لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و هەر خۆیشی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
کاری ڤیدیۆگرافیکی ئەم بەرهەمە، لەلایەن رۆبین کراوە و لە کەناڵی تایبەتی مەم ئارارات لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و زۆربەی بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆگرافیک بڵاودەکاتەوە.
 
هونەرمەند مەم ئارارات، لە زنجیرە کۆنسێرتەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا، چەند بەرهەمێکی بەشێوەی ڤیدیۆ بڵاوکردووەتەوە و بینەرێکی بەرچاویان هەیە، لەوانە گۆرانی "رندێ" کە زیاتر لە چوار ملیۆن و 622 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە و لە 26ـی نیسانی 2023 لە کۆنسێرتی ئیستەنبووڵ پێشکێشی کرد.
 
ئارارات، لە 28ـی نیسانی 2023 کۆنسێرتێکی لە ئیستەنبووڵ سازکرد و بە هەزاران هەواداری ئامادەبوون و بەشێکی لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە.
 
مەم ئارارات، لە 19ـی نیسانی 2023 نوێترین بەرهەمی 'سێڤا سوور' بۆ هەوادارانی بڵاوکردەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری هەیە. گۆرانییەکە لە تێکست و ئاوازی مەم ئاراراتە و هەر خۆیشی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆی کردووە.
 
هەروەها لە 26ـی ئاداری 2023 بەرهەمێکی بەناوی 'ل هیڤیا بارانێ' بڵاوکردەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن و 320 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی 'قولنگ ئەور و باران' لە 2013 بڵاوکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی 'قولنگ ئەور و باران'، ئەلبوومی 'کوردیکا' لە 2016، 'خەونا باژارەکی' لە 2018، 'نیشتمان' لە 2019 و 'پەسنا ئەڤینێ' لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
 
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'پاییز'، 'زۆزان'، 'خاترخوەستن'، 'چیچەکێ'، 'ژ ئێڤارەکا ئامادێ'، 'ئەڤینا دوو چیا' و 'دلۆ ئەز بمرم'.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە