بۆ ساڵی دووەم خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی دەبەخشرێت

12-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن دانا رەئووف خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە بۆ ساڵی دووەم خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی رابگەیێندرێت و ئەوانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی خەڵاتەکە، دەرفەتی بەشداربوون تاوەکو 30 کانوونی دووەمی 2023یە.
 
دانا رەئووف، نووسەر و شانۆکاری کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی بۆ ئەو نووسەر و شانۆنامه‌نووسانه‌یه کە به ‌زمانی کوردی شانۆنامە دەنووسن. ته‌مه‌ن و شوێنی نیشته‌جێبوون گرنگ نین، هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت به‌شدار بێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شانۆنامه‌ی هه‌ڵبژێردراو به‌ بڕی 500 دۆلاری ئەمریکی خه‌ڵات ده‌کرێت، ئەمەش دەبێتە پشتیوانییەکی دارایی بۆ نووسەر و ماندووبوونەکەی، بێجگە لەو بڕە پارەیە کە بە دەقی هەڵبژێردراو دەدرێت، ناوەندی کەپر دەقەکەیش وەک کتێب چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
 
روونیشیکردەوە، بۆ خەڵاتەکە گرنگییەکی زۆر بە زمانی کوردی دەدرێت و دەق دەبێت بە زمانێکی پاراو نووسرابێت و خاڵبەندی و رێنووسی دروستی کوردی رەچاو کرابێت، ناوەندی کەپر لە سه‌ره‌تای نیسانی 2023، له رێوڕه‌سمێکی تایبەتدا ناوی دەقی براوە ئاشکرا ده‌کات و نووسەرەکەی خەڵات دەکات.
 
30 کانوونی دووەمی 2023 دوایین دەرفەتە بۆ ناردنی بەرهەمەکان، بە مەرجێک پێشتر دەقەکە بڵاو نەکرابێتەوە و نابێت لە 30 لاپەڕەی ئەی فۆڕ زیاتر بێت.
 
خەڵاتی دانا رەئووف بۆ شانۆنامەی کوردی 2022 بە محەممەد عەلی دەستماڵی، نووسەر و شانۆنامەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەقی 'بێ وچان تا تایمز' بەخشرا.
 
پەیکەری خەڵاتەکە هه‌موو ساڵێک له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند شوان که‌ماله‌وه دروست ده‌کرێت.
 
دانا رەئووف، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواوکردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردییە و لە 1992ـەوە لە ستۆکهۆڵمی سوێد دەژی، هەر لەو وڵاتە خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. 
 
لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی 'شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی' هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سوێدی و لەگەڵ شانۆی سوێدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. 
 
لە دوو کتێب دا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی دیکەیان بە سوێدی لەلایەن پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی کراوە. 
 
تاوەکو ئێستا 47 کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندین دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سوێدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ کتێبیشی بە سوێدی بڵاوکردووەتەوە، یەکێک لە کتێبە سوێدییەکانی 'رەوش و داهێنان' لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، ئەم کتێبە کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ، زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.
 
لە پەیمانگەی هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتووەتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوێد و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سوێدی و بە کوردی پێشکێشکردووە. 
 
بەشداری چەندان کۆر و سیمیناری لە سوێد، دانیمارک و ئینگلتەڕا کردووە، جگە لە نووسین و وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی دەقی شانۆیی نووسیوە.
 
دانا رەئووف سەرپەرشتی بڵاوکراوە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە، بۆ نموونە گۆڤاری 'شانۆ' و زنجیرەی 'دەقی شانۆیی بیانی' لە دەزگای ئاراس، ئێستا سەرپەرشتی گۆڤاری 'تاڤ' دەکات کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی چاپ دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە