رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممە لە پارکی شانەدەر لە هەولێر کۆنسێرتێک بۆ فەرهاد زیرەک، هونەرمەندی میللـی ساز بکرێت، بەڵام پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەکارییەکان کۆنسێرتەکە دواخراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر کە 27-9-2022 بڵاویکردەوە، بڕیاربوو لە 13-10-2022 کۆنسێرتێک بۆ فەرهاد زیرەک، هونەرمەندی میللی ساز بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 12-10-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە کۆنسێرکەتە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
لەبارەی هۆکاری دواخستنی کۆنسێرتەکە ئومێد خۆشناو گوتی: "ئێمە دەمانەوێت شتێکی زۆر جوان و تایبەت بکەین، بەڵام ئامادەکارییەکانی تەواو نەبووە." گوتیشی، تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ سازکردنی کۆنسێرتەکە دیاری نەکراوە، "بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین لە نزیکترین کات ئامادەکارییەکان تەواو بکەین و کۆنسێرتەکە ساز بکەین."
فەرهاد زیرەک یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە هەوادارێکی زۆری هەیە، هەرچەند بەرهەمەکانی تەنیا لە ئاهەنگ و دانیشتنە تایبەتەکان گوتراون و تۆمارکراون، بەڵام لە رێگەیانەوە هەوادارێکی زۆری پەیداکردووە.
فەرهاد زیرەک ساڵانێکی زۆرە لە کاری هونەری دورکەوتووەتەوە و لە میدیاکانیش دەرناکەوێت، لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی نوێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی ئێستا گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندە دەڵێنەوە، بە تایبەتیش لە لایڤ میوزیک و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ