بە بەشداری 70 منداڵی سەردەشت بەرهەمێکی هونەری تۆماردەکرێت

09-06-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن فێرگەی میوزیکی لاوک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆرکێسترای منداڵانی فێرگەی میوزیکی لاوک لە سەردەشت، بەرهەمێکی نوێی منداڵانیان بەناوی "کاڵێ" لەسەر شانۆ تۆمارکردووە، تەمەنیان لە خوار 12 ساڵانن.
 
لەم بەرهەمەدا زیاتر لە 70 منداڵ تێیدا بەشدارن و گۆرانی "کاڵێ" پێشکێش دەکەن و میوزیک دەژەنن، کانیا پێشبەهار، گۆرانیبێژی سەرەکی بەرهەمەکەیە. گۆرانییەکە پێشتر لەلایەن چەند هونەرمەندێکەوە گوتراوە، لەوانەش ناسر رەزازی و کەریم کابان.
 
فێرگەی ئۆرکێسترای منداڵانی لاوک لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەردەوام کار بۆ پێگەیاندنی منداڵان لە بواری میوزیک و گۆرانیدا دەکات و چالاکی ساز دەکات، تاوەکو ئێستا چەند بەرهەمێکیان بڵاوکردووەتەوە.
 
محەممەد محەممەدنەژاد، بە رووداوی راگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە فێرگەکەیان دامەزراندووە، فێرخوازنی تەمەن چوار بۆ 12 ساڵ فێری میوزیک و گۆرانی دەکەن. گوتیشی، منداڵانی لەو بەرهەمە ئۆرکێستراییە تایبەت بە منداڵان بەشداربوونە، تەمەنیان خوار 12 ساڵە، تا ئێستاش بەرهەمی لەم شێوەیە نەکراوە، واتە بۆ ئەو تەمەن نەبووە، یاخود منداڵی گەورەتریان لەگەڵدا بووە، یاخود لە شاری دیکەوە فێرخوازی دیکەیان هێناوە.
 
روونیشیکردەوە، ئەم بەرهەمە و بەرهەمێکی دیکەیان لە ماوەی سێ مانگدا ئامادەکردووە، بڕیارە بەرهەمی دووەم لە ماوەی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە. گوتیشی، فێرخوازیان هەیە تەمەنی خوار دوو ساڵانە و لەگەڵ دایک و باوکیان ئامادە دەبن، ئامانجیان ئەوەیە کەسەیاتی میوزیکیان بۆ دروست بکرێت.
 
موحیبەت ئەحمەدی، وەک بەڕێوەبەری ئۆرکێسترای منداڵان کاری بۆ ئەم بەرهەمە کردووە، عەبدوڵڵا نووری، دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و محەممەد محەممەدنەژاد ناسراو بە باهۆز، سەرپەرشتی گشتیی بەرهەمەکەیە و کاری وێنەگرتنی لەلایەن ئیدریس مەحموودی کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە