رووداو – هەولێر
دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر مەرگی هونەرمەند عەباس كەمەندی، كچەكەی هۆكاری مردنەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "باوكم بەهۆی هەڵەی پزیشك گیانی لەدەستداوە".
هونەرمەند عەباس كەمەندی، كە بەپیاوی حەوت هونەر ناسراوە (گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، شاعیر، نووسەر، نیگاركێش، شانۆكار و دەرهێنەر)، رۆژی 22/5/2014 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆچی دوایی كرد.
دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر مەرگی كەمەندیدا، كەسوكارەكەی پەردە لەسەر نهێنی مردنەكەی هەڵدەدەنەوە، چنوور كەمەندی كچی عەباس كەمەندی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە شاری سنەوە باسی مردنی باوكی بۆ (رووداو) كرد و گوتی كە باوكی بەهۆی هەڵەی پزیشكەكانەوە مردووە.
چنوور كەمەندی رۆژی مەرگی باوكی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "باوكم ساڵانێك بوو ئازاری گورچیلەی هەبوو، ئەو رۆژە گورچیلەی ژانی دەكرد، ئێمە بە ناچار بردمان بۆ كلینیكی (شەهید قازی)، لەوێ پشكنینیان بۆكرد و سۆنۆگرافییان لێ هەڵگرتەوە و بە ئێمەیان گوت كە بەردی گورچیلەی خزاوە بۆیە ژانی هەیە، لەوێ دەرمانی ئازار شكێنی "مۆرفین"یان پێداو چووینەوە ماڵەوە".
وەك چنوور باسی كرد دواتر تەندروستی باوكی خراپتر بووە و بە پەلە گەیاندوویانەتە نەخۆشخانەی تایبەتی (سەیدولشوهەدا) "لەوێ بە ئێمەیان راگەیاند كە باوكم تووشی ژەهراویبوون بووە و داوایان لێكردین بە هۆی نەبوونی پزیشك و كەرەستەی پێویست بیبەین بۆ نەخۆشخانەی حكومیی تەوحید". گوتیشی "لە نەخۆشخانەی تەوحید هیچ پزیشكێكی لێ نەبوو، بە ئێمەیان گوت كە ناتوانن بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و دووبارە بۆ ئەوەی ژانی بشكێت 8 یەكەی دیكەیان مۆرفین لێدا، بەوشێوەیە بەهۆی دابەزین و بەرزبوونەوەی فشاری خوێنەوە، جەڵتەی دڵ لێیدا و دڵی لەلێدان كەوت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ