چیرۆکی ماڵباتێکی کورد سێ خەڵاتی لە فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ بەدەستهێنا

06-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی "دارەکان بێدەنگن" لە دەرهینانی ئاگنێشکا زوڤێفکا، سێ خەڵاتی لە 64ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کراکۆڤ بەدەستهێنا. چیرۆکی فیلمەکە باس لە ماڵباتێکی کورد دەکات.
 
ئەم بەرهەمە خەڵاتی ئەسپی زێڕینی هۆبی وەک باشترین بەڵگەفیلمی پۆڵۆنی سەرووی 30 خولەکی بەدەستهێنا، لە بەشی کێبڕكێی نێودەوڵەتییدا خەڵاتێکی تایبەت بە فیلمەکە و رونا، ئەکتەری بەشداربوو لە فیلمەکەدا بەخشرا. هەروەها لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ پێشنیازی بەخشینی خەڵاتی فیلمی ئەوروپییان بۆ فیلمەکە کرد.
 
"دارەکان بێدەنگن" باس لە چیرۆکێکی تراژیدیایی کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵان بەناوی رونا و ماڵباتەکەی دەکات. دایکی رونا کۆچی دوایی کردووە و دوای چەند هەفتەیەک لە مانەوەیان لە ناو دارستانەکانی سنووری پۆلۆنیا و بێلاروس، رونا هەوڵدەدات جێگەی دایکی بگرێتەوە بۆ ئەوەى ئاگاداری چوار برا بچووکەکەی و باوکی بێت، چونکە بەهۆی ئەو رووداوە باوکی تووشی خەمۆکی دەبێت.
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 26ـی ئایار تا 2ـی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوو، تێیدا فیلمە بەشداربووەکان لە بەشی فیلمی درێژ، ئەنیمەیشن، کورتە فیلم و بەڵگەفیلم پێشاندران.
 
فیلمە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ، بەرهەمی پۆلۆنیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئێران، تانزانیا، جەزائیر، قوبرس، کۆسۆڤۆ و مۆریتانیا بوون.
 
بە گشتی 180 فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون، لەوانە 54 فیلمی پۆڵۆنیا بوون، هەموو فیلمە بەشداربووەکان لە پلاتفۆڕمی "KFF VOD" بەردەستبوون بۆ بینین.
 
فێستیڤاڵەکە لەلایەن شارەوانی شاری کراکۆڤ و وەزارەتی رۆشنبیری پۆڵۆنیا و چەند ناوەندێکی هونەری سازکرا.
 
هەر فیلمێک لە فێستیڤاڵەکەدا لە بەشی کورتە فیلم، فیلمی درێژ، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم خەڵات بەدەستبێنێت، دەچێتە نێو لیستی درێژی فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار.
 
لیژنەی دادوەری پێشبڕکێی نیشتیمانی 64ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆڤ بە سەرۆکایەتی پیۆتر شلیسکۆڤسکی، ستایشێکی زۆری بەڵگەفیلمی "دارەکان بێدەنگن"ـیان کرد و سەرسامی خۆیان بە کاریگەری چیرۆکی فیلمەکە دەربڕی.
 
زیاد رەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەی بینینی بەڵگەفیلمەکە بوو، لە نزیکەوە چاوی بە دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە و ماڵباتی نێو چیرۆکی فیلمەکە کەوت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە