پێشانگەیەکی تایبەت بە تابلۆکانی جۆنی دێپ دەکرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن جۆنی دێپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشانگەیەکی شیوەکاری تایبەت بە کارە هونەرییەکانی، جۆنی دێپ، ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود دەکرێتەوە.
 
پێشانگەکە بەناونیشانی "A Bunch of Stuff"ـە و چەند تابلۆ و کارێکی هونەری لەخۆدەگرێت کە بۆ سەرەتای بەهرەی وێنەکێشانی ئەو هونەرمەندە دەگەڕێتەوە.
 
دێپ، لەبارەی بەرهەمەکانی نێو پێشانگەکە گوتی، هیچ پلانێکی نەبوو کارە هونەرییانە بڵاوبکاتەوە، چونکە تایبەت بوون بە خۆی.
 
دێپ، هەرچەند وەک ئەکتەرێکی سینەمایی ناسراوە، بەڵام وەک وێنەکێش چالاکی و بەرهەمی هەیە، هەروەها لە بواری میوزیکیشدا گیتار دەژەنێت.
 
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی "Elm Street" بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی "21 Jump Street" رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
 
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی " What's Eating Gilbert Grape" و فیلمی "Benny and Joon" لە 1993، دواتریش لە فیلمی "Dead Man" لە 1995، هەروەها لە فیلمی "Donnie Briscoe" لە 1997 و "Loathing in Las Vegas" لە 1998.
 
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
 
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی "Pirates of the Caribbean" کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت و بڕیارە لە بەشێکی نوێدا دووبارە هەمان رۆڵ بگێڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە