رووداو دیجیتاڵ
لە دوای گەشتی گرووپی نیشتمان بۆ پێشکێشکردنی پڕۆژەی نیشتمان سێ، بەناوی "نەورۆز" لە سێ شاری فەرەنسا، گەشتی ئەمجارەیان بۆ سویسرا بوو و کۆنسێرتێکیان سازکرد، یەکەمجاریشە ئەو گرووپە کۆنسێرت لەو وڵاتە ساز دەکات.
کۆنسێرتەکە لە رۆژی سێشەممە 2ـی تەمموزی 2024 لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی میوزیکی فریبۆرگ لە شاری فریبۆرگی سویسرا بوو و لەلایەن سویسرییەکانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
گرووپی میوزیکی نیشتمان بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو کار لەسەر پڕۆژی نیشتمان و بڵاوکردنەوەی دەکات، پێشتریش هەردوو پڕۆژەی یەک و دووی نیشتمانی لە دوو ئەلبوومی میوزیک و گۆرانیدا بەرهەمهێناوە و لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پێشکێشیکردووە.
لە کۆنسێرتی ئەمجارەی گرووپی نیشتمان، هەژار زەهاوی، وەک دامەزرێنەر و سەرۆکی گرووپ و ژەنیاری دەف و دەهۆڵ، ئەیوب عەلی، وەک گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپ، گۆران کامیل، وەک ئاوازدانەر و ژەنیار، رۆبن ڤاسی و ئەرتان تەکین، مستەفا تالیب و میلاد محەممەد وەک ژەنیار بەشداربوونە.
"نیشتمان" پڕۆژهیهكی میوزیكییه، ههرجارەو لهلایهن كۆمهڵێك هونهرمهند و میوزیكژهنی جیاواز تۆمار دهكرێت، "نیشتمان یهك" له 2013 له پاریس تۆماركرا، "نیشتمان دوو" له 2016 لهلایهن هونەرمەند دڵشاد محهممهد سهعید تۆماركرا و "نیشتمانی سێ" لە 2020 لە پاریس تۆمارکرا.
ئەلبوومی "نەورۆز" لە 2022 بەشێوەی ئەلبوومی چاپکراو و دیجیتاڵی بڵاوکرایەوە، بەرهەمی کوردی بە چەند زاراوەیەک لەخۆدەگرێت، لەوانە کرمانجی سەروو، کرمانجی خواروو، زازاکی، کەڵهووری و هەورامی.
ئەلبوومەکە نۆ تراک لەخۆدەگرێت و بەم ناوانەن: "ئانا باریکرد"، "چای باربانا"، "ئەرمەنی"، "کۆڵانی تەنگ"، "نەورۆز"، "تەنتەنە"، "تۆز دەکات"، "تۆز دەکات – ریمیکس" و "وەرنێ".
ههردوو پرۆژهی نیشتمانی یەک و دوو، له زیاتر له 50 كۆنسێرتی جیهانی پێشکێشکراون و كۆمپانیای "Accords Croises" كه كۆمپانیایهكی فهرهنسییه و بۆ سەتان گۆرانیبیژ و میوزیکژەنی جیهانی كاریكردووه، له سهرهتای پرۆژهی نیشتمانهوه، تاوەکو ئێستا بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەو پڕۆژەیەی لە ئەستۆ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ