رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین فێستیڤاڵی ئۆنلاین بۆ فیلمی کوردی بە ناوی 'فێستیڤاڵی زاگرۆس' لە رۆژی 1ی ئاداری 2024ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا 15 فیلمی کوردی بەشدارن کە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوەزاری جیاوازی کوردی ئامادەکراون.
سیمۆن سلێمانی، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی زاگرۆس ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئازاری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تا دێت جیهان زیاتر لە کۆمەڵایەتیبوون دوور دەکەوێتەوە. ئێستا شتەکان لە ئینتەرنێت دەبینرێن. کورد پێویستە بە باشی سوود لەو گۆڕانکارییەکان وەربگرێت، چونکە داگیرکەران رێگری لە بەرەوپێشچوونی بەرهەمە کوردەوارییەکان دەکەن".
سیمۆن سلێمانی هەروەها رایگەیاند: "بۆ نموونە، زۆربەی ئەوانەی بەشداری لە فێستیڤاڵی دهۆک دەکەن خەڵکی دهۆکن، بەڵام کاتێک کارەکە بووە ئۆنلاین، خزمەتگوزاری بە هەمووان دەگات".
لەبارەی ئامانجی ئەو فێستیڤاڵە ئۆنلاینە، سیمۆن سلێمانی گوتی: "یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەیە، فیلمە کوردییەکان بە ژێرنووسی ئینگلیزی پیشان جیهان بدرێن".
دووەم ئامانج ئەوەیە، فیلمەکانی چوار پارچەی کوردستان کۆبکرێنەوە و سنوورەکانی نێوان گەلی کورد لاببرێن، تەنانەت ئەگەر بە ئۆنلاینیش بێت؛ گوتیشی: "چالاکییە کولتوورییەکان هەمیشە لەژێر هێرشی داگیرکەراندان، بەڵام کەس ناتوانێت دەستوەردان لە بەرهەمەکاندا بکات، لەکاتێکدا لە ئینتەرنێت پارێزراون".
کۆمەڵەی سینەماکارانی کوردی پاریس - کۆسی 15 فیلمی بۆ فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ پەسندکردووە. سلێمانی لەمبارەیەوە دەڵێت: "هیچ پێشبڕکێیەک نییە؛ خەڵاتیش نییە؛ بۆیە لەم فێستیڤاڵەدا دەستەی دادوەران دانەنراوە. لە ساڵانی داهاتوودا زۆر شتی دیکە بۆ فێستیڤاڵەکە زیاد دەکەین".
کۆسی بە پێی مێژوو و نێوەڕۆکیان فیلمەکان هەڵدەبژێرێت و پێشکێشی بینەرانی دەکات. هەرچەندە هەموو دەرهێنەرەکان فیلمەکانیان بەخشیوەتە فێستیڤاڵەکە، بەڵام کۆسی هەوڵدەدات سپۆنسەر بدۆزێتەوە و ساڵانە رێز و بەهایەکی تایبەت بۆ سینەماکاران دابنێت.
جگە لە هەموو ئەو چالاکییانە ساڵانە کۆسی لە هۆڵێکی گەورەی پاریس رێوڕەسمی تایبەت بۆ سینەماکاران رێکدەخات و بانگهێشتی سینەماکارانی فەرەنسیش دەکات.
کۆمەڵەی سینەماکارانی کوردی پاریس - کۆسی رۆژی 14ی تەمموزی 2024 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە بەشداری 3 دامەزرێنەر و 7 بەشداربوو دامەزراوە.
یەکێک لە فیلمەکان ساڵی 1926 بەرهەمهێنراوە، ئەویش فیلمی "زەرێ"یە کە فیلمێکی بێدەنگە و تەنیا لە رێگەی میوزیک و ئاماژەوە رووداوەکانی دەگێڕێتەوە.
"زەرێ" لەلایەن کوردانی ئێزدیی وڵاتی ئەرمینیاوە لە بناری چیای ئالاگازیا لە نزیک شاری یەریڤان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە. سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن هامۆ بەکنەزاریان، سینەماکاری ئەرمەنی (1891-1965) کاری بۆ کراوە.
فیلمەکە باس لە چیرۆکی کچێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەرحەد بە ناوی زەرێ و خۆشەویستەکەی بەناوی سەیدۆ دەکات. ئەو دوو خۆشەویستە رووبەڕووی گوشار و هێرشەکانی تەموربەگ، سەرۆکی هۆزی تزار دەبنەوە.
"زەرێ" بە یەکێک لە یەکەمین فیلمەکان دادەنرێت کە ژیانی کوردانی ئێزدی گواستووەتەوە بۆ سەر شاشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ