ئێزمێ بیانکۆ: گۆرانیبێژێکی ئەمریکی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەرم

02-05-2021
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو-هەولێر
ئێزمێ بیانکۆ، خانمە ئەکتەری بەریتانی و ئەکتەری زنجیرە درامای "Game of thrones" ئاشکرای کردووە، کە لەلایەن گۆرانیبێژێکی ئەمریکی دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر.
 
ئێزمێ بیانکۆ، خانمە ئەکتەری بەریتانی بەشێوەیەکی فەرمی سکاڵای لەدژی مارلین مانسن، گۆرانیبێژی ئەمریکی تۆمارکردووە، کە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و تووندوتیژی و گێچەڵی سێکسی دراوەتەپاڵ، هاوکات پێشتریش ئەم گۆرانیبێژە تۆمەتی لەمشێوەیەی ئاراستەکرا بوو.
 
مارلین مانسن، لەمبارەیەوە راگەیاندووە، کە ئەو هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، دەشڵێت "هەموو پەیوەندییە سۆزدارییەکانم بە ئارەزوو رەزامەندی هەردوولا بووە، هیچ کاتێکیش تووندوتیژیم بەکارنەهێناوە، بەڵام هەندی خەڵک دەیانەوێت ناوبانگیم لەکەدار بکەن".
 
ئێزمێ بیانکۆ، خانمە ئەکتەری بەریتانی، سکاڵا یاساییەکەی ئاراستەی دادگەی کالیفۆرنیا کردووە، تێدا ئاشکرای کردووە، کە لە ساڵی 2011 مارلین مانسن بانگهێشتی لۆس ئەنجلسی کردوو، بۆ بەشداریکردن و رۆڵبینین لە فیلمێکدا، لە جیاتی بەشداریکردن لە فیلم ئەم گۆرانیبێژە ئەمریکییە تووندوتیژی سێکسی بەرامبەر بەکارهێناوە، ئێزمێ دەشڵێت" چەند جارێک کرداری سێکسی لەگەڵم کردووە، لە کاتێکدا من لە هۆش خۆم نەبووم و رەزامەندیم نەداوە، بەڵام مانسن بۆ چەند جارێک دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ من ئەنجامداوە".
 
هوارد کینگ، پارێزەری گۆرانیبێژی ئەمریکی رایگەیاندووە، کە ئێزمێ بیانکۆ هەڵەیە و ئێمە لەبەردەم دادوەر تانەی خۆمان لەم سکاڵایە دەدەین، لەلایەکی دیکەشەوە پۆلیسی لۆس ئەنجلس ئاشکرای کردووە، کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی گۆرانیبێژی ئەمریکی مارلین مانسن دەکەین، کە لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2011 ئەنجامیداوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ناوی قوربانییەکان ئاشکرا بکەن.
 
ئێزمێ بیانکۆ، خانمە ئەکتەری بەریتانی، تەمەنی 38 ساڵەو لە ساڵی 2011 تاوەکو 2013 بەشداری لە زنجیرە درامای نێودار "Game of thrones" کردووە، کە تێدا رۆڵی سۆزانییەک دەبینێت، بەتایبەتی لە ئەڵقەی 14یەمینی ئەم زنجیرە درامایە دەردەکەوێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە