رووداو - هەولێر
دادگای جەبەلتارق بڕیاری ئازادکردنی کەشتیی نەوتهەڵگریی گریس1ـی ئێرانی دەرکرد کە مانگێک لەمەو پێش لەلایەن پۆلیسی جەبەلتارق و هێزی دەریایی بەریتانیاوە دەستی بەسەرداگیرا.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە بە پاساوی گواستنەوەی نەوتی ئێران بوو بۆ سووریا، ئەوەش بە پێشێلکردنی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەر سووریا دادەنرێت.
ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی بە 'چەتەیی' ناو بردبوو و داوای ئازادکردنی کردبوو؛ هاوکات لەو نێوەندەدا ئەمریکا دەیویست دەستبەرسەرداگرتنی کەشتییەکە درێژبکرێتەوە، بەڵام دادگەی جەبەلتارق داوای ئەمریکای بە هەند وەرنەگرت و بڕیاری دادگە بە گوێرەی خواستی ئێران بوو و کەشتییەکە ئازادکرا.
لە کاردانەوەیەکدا محەممەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دەیویست دەستوەربداتە سیستەمی دادوەری، بەڵام هەوڵی ئەمریکا لە رێگەی 'تیرۆریزمی ئابوورییەوە' بۆ 'دزینی دارایی ئێران' بێئەنجام بوو. زەریف هەروەها نووسیویەتی، هەوڵەکانی ئەمریکا نیشانەی گوێنەدانی ئیدارەی ترەمپە بە یاسا.
هاوکات حەمید بەعیدینەژاد، باڵیۆزی ئێران لە بەریتانیا لە رێگەی توویتەرەوە رایگەیاند، ئازادکردنی کەشتییەکە 'شکستێکی پڕ لە سووکایەتییە' بۆ ئەمریکا و بەمزووانە کەشتییەکە ناوچەی جەبەلتارق بەجێدێڵێت.



.jpg&w=3840&q=75)