رووداو-هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات سەرۆکی کۆریای باکوور نامەیەکی بۆ ناردووە و داوای کۆتاییهێنانی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور دەکات. هەروەها دەڵێت، لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ کیم کۆدەبمەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا ئاشکرای دەکات، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور، نامەیەکی درێژی بۆ نووسیووە و تێیدا داوایکردووە، ئەمریکا و کۆریای باشوور کۆتایی بە راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانیان بهێنن تاوەکو کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمریکا دەستپێبکەنەوە.
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کیم گلەیی لە راهێنانە سەربازییەکان هەیە و لەهەمانکاتیشدا لەبەر تاقیکردنەوەی مووشەکە کورتمەوداکانیش داوای لێبووردنی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا پشتیوانی لە بیرۆکەکەی کیم کردووە و راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانی وڵاتاکەی و کۆریای باشووری بە پڕتێچوو و بێمانا وەسفکردووە و راشیگەیاندووە، لە داهاتوویەکدا کە زۆر دوور نەبێت لەگەڵ کیم کۆدەبێتەوە.
دەقی توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
In a letter to me sent by Kim Jong Un, he stated, very nicely, that he would like to meet and start negotiations as soon as the joint U.S./South Korea joint exercise are over. It was a long letter, much of it complaining about the ridiculous and expensive exercises. It was.....
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) August 10, 2019
"لە نامەیەکدا کە لەلایەن کیم جۆنگ ئوونەوە بۆ من نێردراوە، ئەو زۆر بە جوانی رایگەیاندووە کە دەیەوێت کۆببینەوە و گفتوگۆکان دەستپێبکەینەوە، ئەمەش هەر کاتێک کە راهێنانی هاوبەشی ئەمریکا و کۆریای باشوور تەواو بوون. نامەیەکی درێژە و زۆربەی گلەییکردنە لە راهێنانە بێمانا و پڕتێچووەکان. نامەکە هەروەها پۆزشێکی بچووکە بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکە کورتمەوداکان و ئەوەی کە ئەم تاقیکردنەوەیە دەوەستێت کاتێک کە راهێنانەکان کۆتاییان بێت. چاوم لەوەیە کیم جۆنگ ئوون ببینم لە داهاتوویەکدا کە زۆر دوور نەبێت! کۆریایەکی باکووری خاڵی لە ئەتۆم دەبێتە یەکێکە لە سەرکەوتووترین وڵاتەکانی جیهان!"



.jpg&w=3840&q=75)