رووداو - هەولێر
بەهۆی روودانی شەڕ لەناو بەندیخانەیەکی بەرازیل، لانیکەم 52 کەس کوژران.
بەگوتەی بەرپرسانی بەرازیل، شەڕەکە لەنێو زیندانیکراوەکانی بەندیخانەیەکی ناوچەی ئەلتامیرا لە ویلایەتی بارا لە باکووری وڵاتەکە روویداوە.
شەڕەکە لەنێوان چەند باند و گرووپێکی ناکۆک روویداوە و پێنج کاژێر بەردەوامبووە. زیندانیکراوانی بەشێکی نێو بەندیخانەکە چوونەتە سەر زیندانیکراوەکانی بەشێکی دیکە کە کێشەیان لەگەڵ یەکدی هەیە، جگە لە کوژرانی زیاتر لە 50 کەس، بەشێکی بەندیخانەکەش ئاگری گرتووە.
زیندانیکراوەکان دوو ئەفسەریشیان بەدیل گرتوون و دوای ماوەیەک ئازادیان کردوون.
بەپێی میدیاکانی بەرازیل، بەندیخانەی ناوچەی ئەلتامیرا توانای لەخۆگرتنی 200 کەسی هەیە، بەڵام 300 زیندانیکراوی تێدا جێکراوەتەوە.
مانگی ئایاری ئەمساڵیش لە بەندیخانەیەکی شاری ماناوسی بەرازیل شەڕ روویدا، لە ئەنجامدا لانیکەم 40 زیندانیکراو کوژران.



