رووداو دیجیتاڵ
لە 28ـەمین پێشانگەی تەکنەلۆژیای باڵا لە پەکین، نوێترین داهێنانەکانی ژیریی دەستکرد نمایش کران کە ئامێرەکان لە رۆبۆتی شێلان و قاوەچییەوە تاوەکو میوزیکژەنی زیرەک لەخۆ دەگرت، بەمەش چین پەیامێک دەداتە جیهان کە چیتر تەنیا کارگە نییە، بەڵکو داهێنەری تەکنەلۆژیایە.
پێشانگەکە دەروازەیەک بوو بۆ پیشاندانی هێزی نوێی ئابووریی چین، کە تێیدا نوێنەری 20 هەرێم کۆبوونەتەوە تاوەکو نموونەی کارەکانیان لە بواری ژیریی دەستکرد لە ژیانی رۆژانە دا نیشانی سەردانیکەرانی پێشانگاکە بدەن.
وانگ شان، کە کارمەندێکی کەرتی کشتوکاڵە، لەکاتی بەکارهێنانی رۆبۆتی شێلان دا دەڵێت: "هەست دەکەم زۆر لە شێلانی مرۆڤ دەچێت. یەکەم جارە هێزی ژیریی دەستکرد هێندە لە ژیانی تایبەتمانەوە ببینم؛ ئازاری شان و ملم بەتەواوی نەماوە."
دامەزراوەکانی ئاسایش لە چین پشت بە زیاتر لە 700 ملیۆن کامێرای چاودێری دەبەستن. لێرە نەوەی نوێی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی رووخسار نمایش کرا کە خێراترینەکانی جیهانن.
لیاو وی کوان، بەڕێوەبەری مارکێتینگ لە کۆمپانیای (AI Vision) سەبارەت بە خێرایی تەکنەلۆژیاکەیان ئاماژە بەوە دەکات: "ئامێرەکانمان دەموچاو بە کەمتر لە 50 میلی چرکە دەناسنەوە. ئێمە کار لەسەر پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکان دەکەین بۆ هەموو بوارەکان؛ لە ئاسایشەوە تا بیناسازی و ئەندازیاری، هەر کاتێک پێویستییەک هەبێت، ئێمە ئەلگۆریتمەکەی بۆ پەرە پێ دەدەین."
ئێستا 80%ی بازاڕی رۆبۆت لە جیهان دا لای چینە، داهێنانەکانیشیان تەنیا بۆ کارگەکان نییە، بەڵکو بوارەکانی هونەر و کاتبەسەربردنیان داگیر کردووە و باندی میوزیکی رۆبۆتیک دروستکراوە.
ژانگ هۆنگ جیان، لە کۆمپانیای (Ling Xin Qiao Xu) باس لە توانای ئامێرەکانیان دەکات و دەڵێت: "قۆڵە ڕۆبۆتییەکانمان توانای فێربوونی خێرایان هەیە؛ لە ماوەیەکی کورتدا میوزیکە نوێیەکان تاقی دەکەنەوە و بە ئامێرە جیاوازەکان دەیانژەنن."
بەم داهێنانە تەکنەلۆژییانە، چین پەیامێکی روونی بۆ جیهان هەیە؛ کە دەیەوێت بڵێت چیتر من تەنیا کارگە نیم بۆ دروستکردنی کەلوپەل، بەڵکو داهێنان دەخەمە بازاڕەوە.
یەکێکی دیکە لەو داهێنانانەی لە پێشانگاکەدا نمایشکرا، بەکارهێنانی قایشێکی زیرەک و قۆڵە رۆبۆتییەکان بوو کە بە یەک پاتری بۆ ماوەی 10 کاژێر کار دەکات.
لەپێشانگاکەدا ئامێرێک نمایشکرا کە هەم بۆ کەسانی ئاسایی بۆ پیادەڕەوی و شاخەوانی، هەمیش هاوکاریی ئەو کەسانە دەکات کە کێشەی دەمار، پشت و قاچیان هەیە بۆ ئەوەی بە سەربەستی پیادەڕەوی بکەن. بەمەش چین دەیەوێت بە تەکنەلۆژیا هەموو سنوورە جەستەیی و ئابوورییەکان ببڕێت.

.jpg&w=3840&q=75)
