رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی لەسەر بڕیارنامەیەک دا کە لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەفریقاوە سەرپەرشتی دەکرا، بۆ پەسندکردنی نەخشەیەکی نوێی جیهان. ئەم نەخشەیە قەبارەی کیشوەری ئەفریقا گەورەتر نیشان دەدات و لە بەرامبەردا ئەمریکای باکوور و ئەورووپا بچووک دەکاتەوە، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە "وێناکردنێکی وردتر" بۆ جوگرافیای جیهان.
ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن 164 وڵاتەوە پشتگیری کرا، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەنگی دژی دا و شەش وڵاتی دیکەیش بێلایەن بوون.
نەخشە نوێیەکە کە بە "زەویی یەکسان" ناسراوە، وەک بژاردەیەک بۆ چاککردنی وردیی نەخشەسازیی جیهان پێشنیاز کراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات ئەم نەخشەیە بەکاربێنن لەبری نەخشەی "مێرکاتۆر" کە لە ساڵی 1569 لەلایەن نەخشەساز جێراردوس مێرکاتۆر بۆ مەبەستی گەشتە دەریاییەکان دروستکرابوو.
رۆبێرت دوسێ، وەزیری دەرەوەی تۆگۆ کە وڵاتەکەی سەرپەرشتیاری سەرەکیی بڕیارنامەکە بوو، لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "نەخشەکان تێگەیشتنی ئێمە بۆ جیهان دادەڕێژن. ئەوان پەروەردە ئاراستە دەکەن و کاریگەرییان لەسەر تێڕوانینی بەکۆمەڵ هەیە. هەربۆیە نەخشەکان هەرگیز بێلایەن نین، کاتێک وێنەیەکی شێوێنراو لە زەوییەکەمان پێشان دەدەن، مەترسیی ئەوە دروست دەکەن کە نەوە دوای نەوە وێنای نادروستمان هەبێت."
کۆتاییهێنان بە "وێناکردنی شێوێنراو"
نەخشەی "مێرکاتۆر" هەرچەندە بۆ دیاریکردنی ئاراستەکان ورد بوو، بەڵام قەبارەی راستەقینەی وشکانییەکانی وەک خۆی دەرنەدەخست. ئەو نەخشەیە ناوچەکانی باکووری گۆی زەویی زۆر گەورەتر نیشان دەدا، بە جۆرێک ئەورووپا و ئەمریکای باکوور یەکجار گەورە دەردەکەوتن و لە بەرامبەردا ئەفریقا و ئەمریکای باشووری بچووک دەکردەوە.
نەخشە نوێیەکە کە لە ساڵی 2018 لەلایەن گرووپێک نەخشەسازەوە دروستکراوە، قەبارەی راستەقینەی کیشوەرەکان دەپارێزێ. لەم نەخشە نوێیەدا ئەفریقا، ئەمریکای باشوور، ئاسیا و ئۆقیانووسیا زۆر گەورەتر دەردەکەون.
هەڵوێستی فەرەنسا و رەهەندە سیاسییەکان
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کە یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پشتگیریی بڕیارنامەکەی کرد، رایگەیاند، چی دیکە کار بە نەخشەی "مێرکاتۆر" ناکات. ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "لەو نەخشە کۆنەدا ویلایەتە یەکگرتووەکان، رووسیا و چین پێگەیەکی جوگرافیی یەکجار گەورەیان پێدرابوو، بۆ نموونە 'گرینلاند' وەک ئەفریقا گەورە دەردەکەوت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دانی بەوەدا نا کە "گۆڕینی نەخشەکان جیهان ناگۆڕێ، بەڵام راستکردنەوەی وێنایەکی شێوێنراو خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکە بەرەو راستی."
بڕیارە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم نەخشە نوێیە لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا جێگەی نەخشە کۆنەکە بگرێتەوە تاوەکو مێژووی 500 ساڵەی باڵادەستیی جوگرافیی وڵاتانی باکوور کۆتایی پێ بهێنرێت.



.jpg&w=3840&q=75)