رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی داتاکانی مارین ترافیک لە ماوەی 19 رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا، بە گشتی 458 کەشتی لە کەنداو هاتووچۆیان کردووە، کە 243 کەشتییان دەرچوون و 215 کەشتییشیان چوونەتە نێو کەنداو.
داتاکان هاتووچۆی کەشتییەکان لە نێوان رۆژانی 1 بۆ 19ـی تشرینی دووەمی 2026 بەپێی دۆخی بارکردنیان (پڕ، بەتاڵ یان تۆمارنەکراو) نیشان دەدەن و تێیدا دەردەکەوێت جووڵەی کەشتیوانی لە رۆژانی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
لە ماوەی ئەو 19 رۆژەدا، 243 کەشتی لە کەنداو دەرچوون؛ بەرزترین ئاستی دەرچوون لە رۆژی 1ـی مانگ تۆمارکراوە، کە 26 کەشتی بووە، دواتر لە رۆژی 6ـی مانگ 20 کەشتی و لە رۆژانی 4 و 11ـی مانگیش 19 کەشتی دەرچوون، بەڵام لە رۆژی 19ـی مانگدا دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست کە تەنیا 3 کەشتی بووە.
لە بەرامبەردا، هەر لەو ماوەیەدا 215 کەشتی چوونەتە نێو کەنداو؛ زۆرترین ژمارەی چوونەژوورەوە لە رۆژی 7ـی مانگ بووە، کە 20 کەشتی بووە، پاشان لە رۆژی 3ـی مانگ 18 کەشتی و لە رۆژی 5ـی مانگیش 17 کەشتی چوونەتە ژوورەوە، لە کاتێکدا لە رۆژی 19ـی مانگدا تەنیا 4 کەشتی چوونەتە نێو کەنداو.
کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتیوانی لە کەنداو و تەنگەی هورمز لە کاتێکدایە، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە، تەنگەکە رووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی بەردەوام بووەتەوە و هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت و بازرگانی لەو رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا سست بووە.
هەرچەندە ئەمریکا دەڵێ سوپاکەی بە سەرکەوتوویی کەشتییەکان بەنێو ئەو رێڕۆ ئاوییەدا دەگوازێتەوە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا ئێران لانیکەم 25 کەشتیی نەوتهەڵگری لە نێو تەنگەی هورمز و دەوروبەریدا کردووەتە ئامانج و ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی کەنداو.



