رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی مەکسیک لە ئۆپەراسیۆنێکدا فاوستۆ ئیسیدرۆ مێزا فلۆرێس، سەرکردەی دیاری کارتێلەکانی مادەی هۆشبەری ناسراو بە (ئێل چاپۆ ئیسیدرۆ)یان دەستگیرکرد.
دەستگیرکردنەکەی بووە هۆی پێکدادانی تووند، تەقەکردن و سووتاندنی ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر لە ویلایەتی سینالۆوا لە مەکسیک.
مێزا فلۆرێس یەکێک بوو لە 10 داواکراوترین کەسەکان لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای) و واشنتن خەڵاتێکی پێنج ملیۆن دۆلاریی بۆ هەر زانیارییەک دانابوو کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.
فلۆرێس سەرکردایەتیی کارتێلی بێلتران لێیڤا و دواتر گرووپی تاوانکاریی مێزا-فلۆرێسی دەکرد، هەروەها هاوپەیمانێکی سەرەکیی باڵی (لۆس مایۆس)ـی سەر بە کارتێلی سینالۆوا بوو کە پار لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی پۆلێنکرا.
حکومەتی مەکسیک رۆژی شەممە رایگەیاند، زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ یارمەتیدەر بوون لە دەستگیرکردنیدا.
هەردوو حکومەتی ئەمریکا و مەکسیک ئەو هەنگاوەیان بە سەرکەوتنێکی ئەمنی وەسفکرد؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە کلاودیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک، لەژێر گوشاری ترەمپدا هەڵمەتەکانی دژی کارتێلەکان تووندتر کردووە، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا (ئێل مێنچۆ)ـی سەرکردەی کارتێلی خالیسکۆش لەلایەن سوپاوە کوژرا.
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێو گواسافێ
دەستگیرکردنی مێزا فلۆرێس و کەسی دووەمی گرووپەکەی لە شاری گواسافێی ویلایەتی سینالۆوا، کاژێر 7:00ـی ئێوارەی رۆژی هەینی شەپۆلێکی تووندوتیژیی لێکەوتەوە؛ هێلیکۆپتەر و درۆنە سەربازییەکان تەقەیان لە چەند پێگەیەکی شارەکە کرد.
بەرپرسانی مەکسیک رایانگەیاند، دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی کارتێلەکە، توانیویانە بچنە نێو خانوویەک و دەستگیری بکەن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تۆماربکرێت.
بەڵام بەرپرسێکی فیدراڵی ئاشکرای کرد، بەهۆی تووندیی کاردانەوەی چەکدارەکان و داخستنی لانیکەم 10 رێگەی سەرەکی بە ئۆتۆمبێلی سووتاو، هێزە تایبەتەکان تاوەکو کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە نەیانتوانیوە مێزا فلۆرێس لە شارەکە ببەنە دەرەوە و بە فڕۆکە بیگوازنەوە بۆ مەکسیکۆ سیتی.
رۆژی شەممە ئارامییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر شارەکەدا کێشا، لەکاتێکدا پاشماوەی ئۆتۆمبێل و فرۆشگە سووتاوەکان لەسەر شەقامەکان مابوونەوە و عومەر گارسیا هارفوچ، وەزیری ئاسایشی مەکسیک، جەختی لە مانەوەی هێزەکان لە سینالۆوادا کردەوە.
سەرەڕای پیرۆزبایی بەرپرسانی ئەمریکا و مەکسیک، داڤید ساوسێدۆ، شرۆڤەکاری ئەمنیی مەکسیکی، هۆشداری دەدات لەوەی ستراتیژیی لێدان لە گەورە مافیاکان ململانێی دەسەڵات و تووندوتیژیی درێژخایەن زیاتر دەکات.
ئەو دەڵێت، دەسەڵاتداران تەنیا کەسی یەکەم و دووەم دەستگیردەکەن، بەڵام تەواوی تۆڕی بکوژان، فرۆشیارانی مادەی هۆشبەر و پەیوەندییە سیاسی و پۆلیسییەکانیان وەک خۆیان دەمێننەوە.


