رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێک تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێسی داهاتوودا دەربڕی و هۆشداریشی دا ئەگەر دانوستاندن نەکەن، دەسەڵاتی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت.
رۆژی شەممە 21-11-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، سەبارەت بە پرسی ئێران و رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی رایگەیاند، رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکات بە جۆرێک کە هیچ سەرۆکێکی دیکەی ئەمریکا لە داهاتوودا نەتوانێت رێگە بە ئێران بدات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەوان رێککەوتنێک دەکەن و رۆژی دواتر رێککەوتنەکە دەشکێنن. بۆیە ئەوەی من دەیکەم ئەوەیە، وا دەکەم کە ئەگەر دوای چوار ساڵ، 15 ساڵ یان 20 ساڵی دیکە سەرۆکێکی لێنەهاتوومان هەبێت، من رێککەوتنێک دەکەم کە هەمیشەیی بێت. رێگە بە کەس نادەم رێگەیان پێبدات چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی دوای کۆتاییهاتنی هەموو شتێک لە ئێران، ئایا هەمان رژێمی ئێستا لەو وڵاتە دەمێنێتەوە یان نا، ترەمپ گوتی، هەرگیز زۆر گرنگیی بە خودی رژێمەکە نەداوە و ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی ئێراندا روویداوە.
ترەمپ گوتی: "هەندێک کەس دەیانگوت گۆڕینی رژێم، بەڵام روونی بکەوە مانای چییە، چونکە لە راستیدا من پێشتر دوو رژێمم لەنێوبردووە؛ گرووپی یەکەمم لەنێوبرد، گرووپی دووەمم لەنێوبرد و ئێستا مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەین. بۆیە دەتوانن بەوە بڵێن گەورەترین گۆڕینی رژێم."
کارکردن لەگەڵ دیموکراتەکان، حەکیم جێفریز و دەسەڵاتی ڤیتۆ
ترەمپ گەشبینیی خۆی دەربڕی بەوەی لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا، بتوانێت لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی دیموکرات "کاری گەورە" بکات و ئاماژەی بە هەریەک لە دۆسیەکانی چاودێریی تەندروستی، قەرزەکانی حکومەت و دیاریکردنی رێژەی 10٪ وەک بەرزترین ئاستی سوودی سەر کارتی بانکی (کرێدیت کارد) کرد وەک بوارەکانی سازان و کاری هاوبەش.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی حەکیم جێفریز، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە رۆژی چوارشەممە بێ رکابەر لەلایەن فراکسیۆنەکەیەوە وەک بەربژێری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریکرا و گوتی: "پێموایە ئەو پیاوێکی زۆر زیرەک و پیاوێکی گونجاوە، ئەگەر وا نەبووایە لەو پێگەیەدا نەدەبوو. بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ حەکیم و پیرۆزباییەکی زۆری لێدەکەم. ئەوەی کردی بە بەدەستهێنانی ئەو پۆستە زۆر سەرنجڕاکێش بوو؛ شتێکی جوانە کە یەکەم کەسی رەشپێستە لەو پۆستەدا، ئەمە رووداوێکی گەورەیە و دەبێت زۆر شانازی بە خۆیەوە بکات."
سەبارەت بە ئەگەری کارنەکردنی جێفریز لەگەڵ ستیڤن میڵەری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی، ترەمپ گوتی، ستیڤن کەسێکی زۆر باشە و پێیوایە حەکیم جێفریزیش لەوە تێدەگات. هەروەها ترەمپ ئاماژەی بە چەک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران کرد و بە "پیاوێکی زیرەک" باسی کرد، هاوكات بەرگریی لە گەشتەکەی ئەم دواییەی بۆ چین کرد لە بەرامبەر رەخنەکانی شومەردا و گوتی، پێویستە "هێڵی کراوەی پەیوەندی" لەگەڵ سەرکردەکانی جیهاندا بپارێزێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ هۆشداریی دایە دیموکراتەکان کە ئەگەر نەیەنە پێشەوە بۆ دانوستاندن، پەنا بۆ دەسەڵاتی ڤیتۆ دەبات و گوتی: "ئەگەری زۆر هەیە بتوانین چاودێریی تەندروستیی نایاب و زۆر شتی دیکە بە شێوەیەکی هاوبەش بەدەستبهێنین، ئەگەری زۆر هەیە؛ چونکە بە پێچەوانەوە هەموو شتێک ڤیتۆ دەکرێت. دەتوانم دوو ساڵ و مانگێک لەوێ دابنیشم و تەنیا هەموو شتێک ڤیتۆ بکەم، هەموو شتێک ڤیتۆ بکەم و هیچ شتێکیش بۆ کەس نەکرێت، بەڵام ئەوە رێگە دروستەکە نییە."
ترەمپ باسی لەوەش کرد، رەنگە لە سەرەتادا بە ڤیتۆ دەستپێبکەن بۆ ئەوەی زەوینەسازی بکەن و گوتی، "دەسەڵاتی ڤیتۆ بڕیاری کۆتاییە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەرێک هەیە بتوانین باشتر لەو کاتە کار بکەین کە زۆرینەیەکی زۆر بچووکمان لەگەڵ کۆمارییەکان هەبوو. ئەوان لە بواری تەندروستیدا هەندێک خاڵی باش و هەندێک خاڵی خراپیان هەیە، ئێمەش هەندێک شتی باشمان هەیە و رەنگە ئەوان بڵێن هەندێک شتی خراپمان هەیە، بەڵام دەرفەتێک هەیە بەیەکەوە شتی باش بکەین."
داهاتووی کۆمارییەکان و جێگرەوەی دوای خۆی
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرکردەکانی داهاتووی پارتی کۆماری، ترەمپ ستایشی هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە بەرەی کۆمارییەکاندا ژمارەیەکی زۆر کەس هەن کە دەتوانن زۆر باش بن. بێگومان جەی دی جێگری سەرۆکە و مارکۆش رێک لە پێشەوەیە؛ هەردووکیان بە شێوەیەکی نایاب کار دەکەن و جەماوەرێکی زۆر زۆریان هەیە. بەڵام رەنگە هەندێک سوپرایزیش هەبن، چونکە ئێمە کەسانی زۆر لێهاتوومان هەیە."
هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و پچڕانی خزمەتگوزارییەکان
سەبارەت بەو شەپۆلە هێرشە ئەلیکترۆنی و پچڕانانەی لەم دواییانەدا روویانداوە، ترەمپ رایگەیاند، تازە هەواڵەکەیان پێگەیشتووە و پێیوایە شتێکی باش نییە و حەزی پێناکات، بەڵام گوتی: "رەنگە لێیەوە فێری هەندێک شت ببین کە بە شێوەیەکی دیکە هەرگیز فێریان نەدەبووین."
ترەمپ ئاماژەی بە دۆسیەکانی پێشووی وەک لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە رووسیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئۆکراینا و بانگەشەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و گوتی، هەمیشە حەز دەکات لە گۆشەنیگایەکی ئەرێنییەوە سەیری شتەکان بکات بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرێت.
'کارۆلاین منداڵەکەی لەمن خۆشتر دەوێ'
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، ترەمپ ستایشی کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی پێشووتری کۆشکی سپی کرد کە بەم دواییانە منداڵێکی بووە و ئاماژەی بەوە کرد، پڕکردنەوەی شوێنەکەی کارێکی سەختە.
ترەمپ گوتی: "با بەوە دەستپێبکەم کە کارۆلاین نایاب بوو. پێتان دەڵێم ئەو کێشەیە، کێشەیەکی گەورەیە و ئەوەشم پێگوتووە، چونکە ئەوەندە باش بوو کە نازانیت کێ لە شوێنی ئەو دابنێیت. ئێمە کارۆلاینمان خۆشدەوێت و کەمێک قورسە بیر لەوە بکەیتەوە چۆن شوێنی پڕبکرێتەوە، بەڵام دەزانن کە ئەو منداڵی بووە؛ بە واتایەکی دیکە، منداڵەکەی لە من زیاتر خۆشدەوێت و ئەوەش شتێکی خراپە، بەڵام ئەو کارێکی مەزن دەکات."



