رووداو دیجیتاڵ
هەموو رێگەکان دەچنەوە رۆما، تەنانەت بۆ ملیۆنان ریشۆڵەش کە ساڵانە لە باکووری ئەورووپاوە بۆ بەسەربردنی زستان روو لە پایتەختی ئیتاڵیا دەکەن؛ سەرەڕای ئەوەی سەمای بەکۆمەڵیان لە ئاسماندا دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دروست دەکات، بەڵام دەنگەدەنگ و پاشەڕۆکانیان دانیشتووان و بەرپرسانی شارەکەی ناچار کردووە بە دەنگی بەرز، تیشکی لەیزەر و باڵندەی راوچی هەوڵی دەرکردنیان بدەن.
تاقیکردنەوەیەک لە گەڕەکێکی باکووری رۆژهەڵاتی رۆما بەڕێوەچوو، کە تێیدا دووکاندار و دانیشتووانی ناوچەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ، کاژێر 04:15ـی ئێوارە بۆ ماوەی کاژێرێک لە رێگەی بڵندگۆ، لاپتۆپ و مۆبایلەکانیانەوە لە پەنجەرە و باڵکۆنەکانەوە دەنگێکی زۆر بەرزیان پەخش کرد کە لاسایی دەنگی ئاگادارکردنەوە و ترسی ریشۆڵەکان دەکاتەوە، بەو هیوایەی لەسەر دارەکانی گەڕەکەکە نەنیشنەوە.
ماتیۆ زۆکی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوچەی سێیەمی رۆما بۆ کاروباری ژینگە رایگەیاند، ریشۆڵەکان بەشێکن لە سرووشت و ناتوانن بە تەواوی لەنێویان ببەن، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە کەمێک دووریان بخەنەوە تاوەکو ناوچەکە پشوویەک بدات و گوتی: "کێشەکە زۆر گەورە بووە چونکە ناچار بووین بە بەردەوامی شەقامەکان پاکبکەینەوە."
چەتر بۆ خۆپاراستن لە پاشەڕۆی باڵندەکان
ریشۆڵەکان لە کاتی خۆرئاوابووندا بە دەنگەدەنگێکی زۆرەوە لەسەر دارە چڕەکانی شەقامەکانی رۆما دەنیشنەوە و بەرەبەیانیش بەرەو کێڵگە کراوەکان دەفڕن، بەڵام لە دوای خۆیان شەقام، شۆستە و ئۆتۆمبێلەکان بە پاشەڕۆ دادەپۆشن. بەو هۆیەوە بەشێک لە دانیشتووان و کڕیارانی شەقامی (ڤیالێ یۆنیۆ) ناچار بوون بۆ خۆپاراستن چەتر بەکاربهێنن.
رۆبێرتۆ بێنێناتۆی تەمەن 29 ساڵ، کە لە شیرینی فرۆشێکی ژێر دارەکانی ئەو شەقامە کار دەکات دەڵێت، راگرتنی ئۆتۆمبێل لەو شەقامەدا بووەتە کارێکی ئەستەم و گوتی: "خراپترین شت ئەو بۆنە زۆر ناخۆشەی پاشەڕۆی باڵندەکانە کە لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هەبووە؛ راستەوخۆ دەچووە نێو لووت و مێشکتەوە و نەتدەتوانی بە باشی هەناسە بدەیت."
بە گوتەی شارەزایان، کات لە رووبەڕووبوونەوەی ریشۆڵەکاندا هەموو شتێکە، چونکە ئەگەر لەسەر لقەکان جێگیر بن ئیتر ناجووڵێن، بۆیە دەبێت رێک لە کاتی گەیشتنیاندا رێگرییان لێبکرێت. بەهۆی زۆربوونی ژمارەیان لەم ساڵدا، بەرپرسانی شارەکە جگە لە دەنگی ترسناک، تیشکی لەیزەر و باڵندەیەکی راوچییان بە ناوی (جیرۆنیمۆ) بەکارهێنا کە راهێنەرەکەی لە ژێر دارەکاندا پیاسەی پێدەکرد بۆ ترساندنی ریشۆڵەکان.
بەگوێرەی گوتەی ئەلێساندرۆ مۆنتێماجیۆری، پسپۆڕی بواری ریشۆڵە لە زانکۆی ساپیێنزای رۆما، ئەو باڵندانە ماوەی 80 ساڵە لە وەرزی زستاندا بۆ گەرما و خۆپاراستن لە باڵندە راوچییەکان روو لە رۆما دەکەن؛ هەرچەندە دەیەیەک لەمەوبەر ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن باڵندە، بەڵام ئێستا ژمارەیان بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە.
تاقیکردنەوەکەی ئەم هەفتەیە لە ئێوارەی پێنجشەممەدا 19-11-2026 ئەنجامی هەبوو، کاتێک لەگەڵ پەخشکردنی دەنگە بەرزەکان لە سەربان و باڵکۆنەکانەوە، پۆلە ریشۆڵەکان ئاسمانی ناوچەکەیان جێهێشت و بەرەو شوێنێکی دوورتر رۆیشتن؛ ئەمەش وایکرد ماتیۆ زۆکی بە زەردەخەنەوە بڵێت: "ئەمە باشترین ئەنجام بوو کە دەمانتوانی هیوای بۆ بخوازین."



