رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی لووتکە مێژووییە سێقۆڵییەکەیان لە شاری شێنجێنی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا راگەیێندراوێکی هاوبەشی چوار خاڵییان بە ناوی "جاڕنامەی ئاشتیی سەرۆکەکانی چین، رووسیا و ئەمریکا" بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیێندراوە هاوبەشەکە:
"شی جینپینگ، سەرۆکی کۆماری میللی چین؛ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی فیدراسیۆنی رووسیا و دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 19ـی تشرینی دووەمی 2026 لە شاری شێنجێن کۆبوونەوە. سەرۆکەکانی رووسیا و ئەمریکا پێزانینی خۆیان بۆ چین دەربڕی لە بەرامبەر میوانداریکردنی ئەم لوتکە سێقۆڵییە مێژووییە. هەرسێ سەرۆک ئاڵوگۆڕی قووڵی بیروڕایان لەسەر بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی کرد و پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی سەقامگیریی ستراتیجی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە:
1- وەک ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چین، رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوون بە ئەنجامدانی چاکسازی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بە جۆرێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر وەڵامی ئاڵنگارییە جیهانییەکان بداتەوە و لەگەڵ ئەرکی بنەڕەتیی خۆیدا بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگونجێت.
2- هەرسێ وڵات پلانیان هەیە بەرهەمهێنان و دابینکردنی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکان بۆ بەرژەوەندیی هەموو گەلان زیاد بکەن و جەختیان لەسەر گرنگیی جێگیری و بەردەوامیی رەوتی وزە کردەوە.
3- هەرسێ سەرۆک دانیان بەوەدا نا کە بنەمای رەزامەندیی دەوڵەتان و رێزگرتن لە پارێزبەندیی بەرپرسانی دەوڵەت گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە نابێت دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) و دەستە هاوشێوەکانی دیکە دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بە خراپ بەکاربهێنن.
4- هەرسێ سەرۆک دووپاتیان کردەوە کە شەڕی ئەتۆمی ناتوانرێت ببرێتەوە و نابێت هەرگیز بکرێت. هەرسێ وڵات گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەن لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی."



