رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری رووسیا لە کاتی گەشتکردنیدا بەرەو باشووری تورکیا هەڕەشەی هەبوونی بۆمبی لێکراوە، بەڵام بە سەلامەتی نیشتووەتەوە و سەرجەم سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانییەکەی چۆڵکراون.
فڕۆکەکە کە لە جۆری (سوخۆی سووپەرجێت 100)ـە و سەر بە هێڵی ئاسمانیی (ئازیموس)ـی رووسییە، لە شاری مینێراڵنی ڤۆدی لە باشووری رووسیاوە بەرەو شاری ئەنتاڵیا دەفڕی، کە ئێستا کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (کۆپ 31)ـی تێدا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵی تورکیا، دوای وەرگرتنی هەڕەشەکە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا نیشتووەتەوە، راستەوخۆ براوەتە ناوچەیەکی پارێزراو و سەرجەم 65 سەرنشین و چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەوانییەکەی چۆڵکراون. ئاژانسە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دوای پشکنینی ورد، هیچ شتێکی گوماناوی لە نێو فڕۆکەکەدا نەدۆزراوەتەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا شەپۆلێک لە هەڕەشەی ساختەی بۆمبڕێژکردن دەیان گەشتی ئاسمانیی بازرگانیی لە سەرانسەری ئەورووپا کردە ئامانج، ئەوەش وایکرد چەندین وڵات لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەو هەڕەشانە بکەن. ئێرلەنداش رایگەیاندبوو گومانی هەیە لەوەى ئەمە "هەڵمەتێکی رێکخراو بێت بۆ پەکخستنی گەشتەکان"، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناسنامەی هیچ کەسێک لە پشت ئەو هەڕەشانەوە ئاشکرا نەکراوە.
شاری ئەنتاڵیا لە کەناراوەکانی دەریای سپی نێوەڕاست، بە یەکێک لە دیارترین ناوەندە گەشتیارییەکانی تورکیا دادەنرێت و ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری رووسی رووی تێدەکەن، هاوکات فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا بە یەکێک لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت. بەهۆی بەڕێوەچوونی لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (کۆپ 31) لەم هەفتەیەدا، کە دەیان سەرکردەی جیهان و هەزاران شاندی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن، دەسەڵاتدارانی ئەمنیی تورکیا رێوشوێنی ئەمنیی زۆر تووندیان لە فڕۆکەخانەکان و ئاسمانی ئەو شارەدا گرتووەتەبەر.



