رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە (خولی پێنجەمی کۆنفڕانسی دیالۆگی نێوان حیزبی شیوعیی چین و حیزبەکانی وڵاتانی عەرەبی) لە چینن.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە و شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. جگە لە بەشداربوون لە کۆنگرەکە، چەندین دیداری تایبەتی شاندی ئەو دوو حیزبە کوردستانییە بەڕێوەدەچن.
بەرهەم شێخ عیزەدین لە راگەیاندنی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مهكتهبی رێكخستنی پارتی له سلێمانی و ههڵهبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانە حیزبی شیوعیی چین حیزبەکانی جیهان بۆ کۆنگرەکەی بانگهێشت دەکات. ئەم ساڵ کاک عەلی حوسێن وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکانی پارتی و یەکێتی لە بەشێکی دیدارەکاندا لەگەڵ بەشێکی دیکەی حیزبە بەشداربووەکاندا پێکەوە بەشداریی گفتوگۆکانیان کردووە.
یەکێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وانغ زیخوان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقیای نوسینگەی دەرەوەی حیزبی شیوعی چین بوو.
وەک مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاکانی سلێمانی ـ هەڵەبجە ـ راپەرینی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بەرنامەی حیزبی شیوعی چین و پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاجیاکاندا، هاوکات باس لە پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چەندەها بابەتی دیکە کرا، راوبۆچوون و بەراوردی لایەنەکان لەبارەی سیستمی کارگێڕی و سیاسی و حوکمڕانی لە وڵاتی چین و وڵاتانی دەرەوە وەرگیران".
نووسینگەی راگەیاندنی عەلی حوسێن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "لە چین چەندین کۆبوونەوە و سەمینار بە بەشداریی جێگری وەزیری دەرەوە، سەرۆک و جێگری پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعیی چین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەلی چین و ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، لەنێویاندا عەلی حوسێن پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی پێشکێشی ئامادەبووان کرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە گوتارەکەیدا عەلی حوسێن باسی "لە مێژوو و خەباتی گەلی کوردستان و رۆڵی پارتی و بارزانی لە ئاستی کوردستان و عێراق و کاریگەرییان لە ناوچەکەدا کردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەلی چین کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی حوسێن وەکو نوێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد؛ هەروەها بە ئامادەبوونی نوێنەری پارتی و شاندی حیزبە بەشداربووەکان بارودۆخی جیهان و ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ کراوە."
هەردوو شاندە کوردستانییەکە تاوەکو ئێستا لە چینن و بڕیارە چەند دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار ئەنجام بدەن.


.jpeg&w=3840&q=75)