رووداو دیجیتاڵ
پرۆفیسۆر مایکڵ فریمان، زانا و پسپۆڕی ناسراوی بواری دادپزیشكی، دوای چەندین مانگ لێکۆڵینەوە لە وێنە و بەڵگە بڵاونەکراوەکانی توێکاریی جێفری ئێپستین و دروستکردنی مۆدێلی بایۆمیکانیکیی سێ رەهەندی، ئەنجامێکی شۆکهێنەری راگەیاند و گوتی، ئەو ملیاردێرە تۆمەتبارە بە تاوانە سێکسییەکان، لە زینداندا خۆی نەکوشتووە، بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە "خنکێندراوە."
پرۆفیسۆر مایکڵ فریمان، کە هاوکات سەرنووسەری گۆڤاری دادپزیشكی و یاساییە (Journal of Forensic and Legal Medicine)، رۆژی دووشەممە 16-11-2026 لە دوو هەڤپەیڤیندا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز و سی بی ئێس نیوز، دەرەنجامی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکەی خۆی لەگەڵ هەریەک لە ئەندەرس ئێریکسن، پرۆفیسۆری دادپزیشكی لە زانکۆی ئۆمیای سوێد و ئیتیێل درۆر، توێژەر لە بواری دەمارناسی خستەڕوو.
ئەم لێکۆڵینەوەیە گومانی تەواو دەخاتە سەر بڕیارە فەرمییەکەی نووسینگەی دادپزیشكیی شاری نیویۆرک کە لە ئابی 2019 رایگەیاندبوو، ئێپستین لە ژوورەکەی خۆیدا لە زیندانی فیدراڵیی مانهاتن بە خۆهەڵواسین خۆی کوشتووە.
شیکاریی سێ رەهەندی و دژبەیەکیی برینەکانی سەر ملی ئێپستین
پرۆفیسۆر فریمان بۆ ماوەی چەندین مانگ پشکنینی بۆ تەواوی فایل و وێنەکانی توێکارییەکە کردووە کە لەلایەن مارک ئێپستین، برای جێفری ئێپستینەوە پێی درابوون. فریمان مۆدێلێکی سێ رەهەندیی بەپێی قەبارە و پێکهاتەی جەستەی ئێپستین دروستکردووە و بەراوردی کردووە بە گێڕانەوەی مایکڵ تۆماس، ئەو پاسەوانەی زیندان کە دوای دوو ساڵ لە رووداوەکە قسەی بۆ لێکۆڵەران کرد و گوتی تەرمەکەی بە قەرەوێڵە دوو نهۆمییەکەوە بە هەڵواسراوی دۆزیوەتەوە.
فریمان دەڵێت: "کاتێک هەموو ئەو زانیارییانە پێکەوە دادەنێم، هیچ جێگەیەک بۆ خۆکوشتن نابینمەوە؛ بە هیچ سیناریۆیەکی خۆهەڵواسین ئەم برینانە دروست نابن. دڵنیایی تەواوم لەوەی کە ئەمە تاوانی کوشتنە، لەو دڵنیاییە تەواوەمەوە سەرچاوە دەگرێت کە خۆکوشتن ناتوانێت ئەم برینانە روون بکاتەوە."
بەگوتەی ئەو زانایە، چەندین بەڵگەی فیزیایی و پزیشکیی ورد هەن کە سیناریۆی خۆکوشتن رەتدەکەنەوە:
شوێنەواری دوو هێڵ لەسەر مل: لە راپۆرتە فەرمییەکەدا شوێنەواری پەتەکە وەک هێڵێکی لار بەرەو سەرەوە باس کراوە کە لەگەڵ خۆهەڵواسین دەگونجێت، بەڵام فریمان دەڵێ، لە وێنەکاندا هێڵێکی دیکەی ئاسۆیی لە خوارەوەی هێڵی یەکەم دەبینرێت. فریمان روونیدەکاتەوە: "کاتێک کەسێک خۆی هەڵدەواسێت، پەتەکە دەتوانێت بەرەو سەرەوە بخلیسکێت، بەڵام هیچ میکانیزمێک نییە وا بکات پەتەکە بەرەو خوارەوە بخلیسکێت تاوەکو برین لە سەرەوە دروست بکات و دواتر بێتە خوارەوە."
شوێنی نینۆک لەسەر مل: لە وێنەکانی توێکارییەکەدا چەند برینێک دەبینرێن کە زۆر لە شوێنی نینۆک دەچن و چەند ئینجێک لە سەرووی شوێنی پەتەکەوەن، کە ئاماژەن بۆ بەرگریکردن و هەوڵدان بۆ لادانی پەتەکە لە کاتی خنکاندندا.
خوێنبەربوونی قووڵی شان و زەبری دەم: راپۆرتی توێکارییەکە ئاماژەی بە بوونی خوێنبەربوونێکی قووڵ لە ناو ماسولکەی شانی چەپی ئێپستین کردووە کە دوای لادانی پێستەکە بینراوە و بەهۆی زەبرێکی تووندەوە لە کاتی مردنیدا دروست بووە، بەڵام دادپزیشكی پشتگوێی خستووە. هەروەها برینێکی خوێناوی لە دەمی هەبووە کە گوتراوە بەهۆی ماسکی هەناسەدانی دەستکرد (CPR) بووە، لە کاتێکدا فریاگوزارییەکە چەند کاژێرێک دوای مردنی کراوە و خوێنەکە پێشتر وشک ببووەوە.
پەڕۆ پرتەقاڵییەکەی ناو زیندان؛ ئامرازی تاوانەکەیە؟
فریمان سیناریۆی جێگرەوە دەخاتەڕوو و دەڵێ، ئێپستین لە پشتەوە بە پەڕۆیەکی باریکی گرێدراو خنکێندراوە. لەناو ژوورەکەی ئێپستیندا لە زیندانی مانهاتن، کۆمەڵێک پەڕۆی دڕاوی پرتەقاڵی (کە پێخەفی زیندانەکە بوون) لەسەر زەوی کەوتبوون، بەڵام لێکۆڵەران کۆیان نەکردبوونەوە.
فریمان ئاماژە بە وێنەی یەکێک لەو پەڕۆ پرتەقاڵییانە دەکات کە لە گۆشەیەکی نزیک مێزەکە کەوتووە و دوو گرێی تێدایە و دەڵێ: "ئەگەر ئەو گرێیە وەک گوشار لە پشتی مل دابنێین بۆ دروستکردنی ئەو برینە ناڕێکەی پشتی ملی، ئەوا لێکدانەوەیەکی زۆر باشمان بۆ هەموو برینەکان دەستدەکەوێت. شێوەی برینی پێشەوەی ملی زبر و پچڕپچڕە و لووس نییە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو پەتەدا ناگونجێت کە گوتراوە خۆی پێ هەڵواسیوە."
زنجیرەیەک هەڵە و پشتگوێخستنی شوێنی تاوان
ئێپستین لە 10ـی ئابی 2019، لە کاتێکدا لە ژێر چاودێریی رێگریکردن لە خۆکوشتندا بوو، کاژێر 6:30ـی بەیانی تەرمەکەی دۆزرایەوە، کە بەگوتەی فریمان مانای وایە لانیکەم چەند کاژێرێک پێشتر مردووە.
پرۆفیسۆر فریمان رەخنەی تووند لە شێوازی لێکۆڵینەوەکە دەگرێت و دەڵێ ژوورەکە وەک شوێنی تاوان مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە:
1. تەرمەکە دوای چەند خولەکێک لە دۆزینەوەی لە ژوورەکە براوەتە دەرەوە، پێش ئەوەی لێکۆڵەران وێنەی شوێنەکە بگرن.
2. لێکۆڵەران تەنانەت ئەو پەتەشیان هەڵنەگرتەوە کە گوتراوە خۆی پێ هەڵواسیوە، بەڵکو کارمەندێکی فریاگوزاری لەگەڵ تەرمەکە خستبوویە سەر عەرەبانەکە.
3. زۆربەی کامێراکانی چاودێریی ئەو بەشەی زیندانەکە کاریان نەکردووە، هەروەها لە تاکە کامێرای نزیک رووداوەکەدا سێبەرێکی پرتەقاڵیی نەناسراو بینراوە کە شەوی مردنەکەی بە قادرمەکاندا بەرەو بەشەکەی ئێپستین سەرکەوتووە، بەڵام لێکۆڵەران بەدواداچوونیان بۆ نەکردووە.
4. پاسەوانەکانی ئەو شەوە تۆمارەکانیان ساختە کردبوو و دوای دوو ساڵ قسەیان کرد، بەڵام دادپزیشكی هەرگیز پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەیدا نەکردەوە لەبەر رۆشنایی گێڕانەوەی پاسەوانەکەدا.
فریمان دەڵێ: "ئەوەی بۆ من جێگەی پرسیار و نهێنییە ئەوە نییە چۆن مردووە، چونکە روونە خۆکوشتن نەبووە؛ بەڵکو نهێنییەکە ئەوەیە کێ کردی، بۆچی کامێراکان کوژابوونەوە و چۆن لێکۆڵینەوەکە بەم شێوەیە بەلاڕێدا برا؟"
هەڵوێستی دادپزیشكیی نیویۆرک و دۆسیەکانی ئێپستین
لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا، نووسینگەی دادپزیشكیی شاری نیویۆرک لە راگەیێندراوێکدا بۆ میدیا رایگەیاند، "سوورە لەسەر بڕیارەکەی خۆی" کە هۆکاری مردنی ئێپستین خۆکوشتن بووە لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە.
بەڵام فریمان دەڵێت بەم وەڵامە سەرسام نەبووە، چونکە پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ داواکاری گشتیی ویلایەتی مێریلاند پێداچوونەوەی بە مردنەکانی ناو زینداندا کردووە و بۆی دەرکەوتووە 75٪ـی ئەو مردنانەی وەک "یەکلانەبووەوە" یان "رووداوی ئاسایی" تۆمار کرابوون، لە راستیدا تاوانی کوشتن بوون. ئەمە دووەم راپۆرتی پزیشکیی سەربەخۆیە دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 دکتۆر مایکڵ بادن، پزیشكی دادی پێشوو بە هەمان شێوە گومانی خستە سەر خۆکوشتنی ئێپستین.
جێفری ئێپستین لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی تۆڕێکی بازرگانیکردنی سێکسی بە کچانی خوار تەمەنی یاسایی دەستگیرکرابوو.
پار دوای دەرچوونی یاسایەک لە کۆنگرێس، وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان بەڵگەنامە، ئیمەیڵ و وێنەی پەیوەست بە ئێپستینی بڵاوکردەوە کە بوونە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی گەورە لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو ملیاردێرە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، ملیاردێرەکان، ئەندامانی خێزانە شاهانەکان و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان.
