رووداو دیجیتاڵ
گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا رۆژی دووشەممە گەڕانەوە نزیک دۆخی ئاسایی، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیارێکی دەگمەنی راگرتنی سەرجەم گەشتەکان لە کۆتایی هەفتەدا، هەزاران گەشتیاری لە گشتیاری گیرکرد لە فرۆکەخانەکانی وڵاتەکە.
بەپێی ماڵپەڕی چاودێریی کەشتیوانیی ئاسمانیی (فڵایت ئەوەیر)، رۆژی دووشەممە لانیکەم 350 گەشتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ئەمریکا هەڵوەشێنرانەوە، کە ئەمەش زۆر کەمترە بەراورد بەو 9,200 گەشتەی کە رۆژی هەینی لە کاتی دەرچوونی فەرمانی راگرتنی فڕیندا هەڵوەشێندرابوونەوە.
ترەمپ کۆنگرێس بە بەرپرسیار دەزانێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەر لەوەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەرەو چین بەڕێبکەوێت، رەخنەی توندی گرت و "کەرەستە و ئامێری کۆن و شکاو" و ئیدارەی پێشووی بە بەرپرسیاری ئەو کێشەیە لە قەڵەمدا، کە تێیدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ناچارکرا بۆ دووەمین جار لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەرەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان رابگرێت.
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ماوەی دوو ساڵە هەوڵدەدەین پارە بەدەستبهێنین بۆ چاککردنەوەی ئەم سیستمە"، بەمەش تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی کۆنگرێسی ئەمریکاوە بۆ دابینکردنی بودجە.
"هێرشی ئەلیکترۆنی نەبووە"
ئیدارەی ترەمپ لە کاتی قەیرانەکەدا هەوڵی زۆری دا تاوەکو دووپاتی بکاتەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتیی گەشتەکان نەبووە و رووداوەکەش ئەنجامی هێرشی ئەلیکترۆنی نەبووە.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا شەوی هەینی رایگەیاند کە ئەوەی روویداوە "سیستمێکی کۆن بووە کە لەکارکەوتووە، و لە هەموو شوێنێک بەهۆی زۆریی فشارەوە لەکارکەوت"، هاوکات داواکارییەکانی بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی رەتکردەوە.
فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (ئێف ئەی ئەی) ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری راگرتنی گەشتەکان تەنیا بۆ خۆپارێزی بووە، و بە درێژایی پەککەوتنەکەش هەندێک لە فریکوێنسییە بێسیمییەکان و رادارەکان کاریان کردووە تاوەکو چاودێرانی ئاسمانی بتوانن شوێنپێی فڕۆکەکان هەڵبگرن.
فەرمانی راگرتنی گەشتەکان لە کاژێر 20:15ـی شەوی هەینی بە کاتی ناوخۆ (04:15ـی بەرەبەیانی شەممە بە کاتی هەولێر) دوای نزیکەی چوار کاژێر هەڵگیرا؛ بەڵام رێکخستنەوەی فڕۆکە و کارمەندە پەرشوبڵاوەکان و هەزاران گەشتیاریی گیرخواردوو تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام بوو.
داواکردنی 50 ملیار دۆلار لە کۆنگرێس
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوە درەنگانی شەوی هەینی داواکارییەکەی بۆ کۆنگرێس بەرزکردەوە و رایگەیاند کە بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی پێویستی بە 50 ملیار دۆلارە، و داوای لە یاسادانەران کرد بودجەکەی بۆ دابین بکەن.
دەفی لە کۆشکی سپییەوە گوتی: "ئەمە باری نائاساییە؛ دەمەوێت کۆنگرێس بودجەی باری نائاساییمان پێبدات. ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە هەردوو پارتەکەوە، ئەمە پرسێکی ئەمریکییە؛ من 50 ملیار دۆلارم دەوێت."
دواین پەککەوتنی گەورەی لەم شێوەیە لە کانوونی دووەمی 2023دا روویدابوو، ئەو کاتەی بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمی پەیوەندییەکانی (نۆتام) سەرجەم گەشتەکانی ئەمریکا راگیران؛ لەو کاتەدا فەرمانگەی فڕۆکەوانی رایگەیاند کە تێکچوونی فایلی داتابەیس هۆکارەکە بووە، و راگرتنەکە تەنیا کەمتر لە دوو کاژێری خایاندبوو.
