رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ژاپۆن رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی سەربازیی گومانلێکراوی رووسیا ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاند، فڕۆکە جەنگییەکانی خۆی خستووەتە باری ئامادەباشییەوە و "ناڕەزایەتییەکی زۆر تووند"ـی دیپلۆماسیی ئاراستەی مۆسکۆ کردووە؛ هاوکات لە هەمان رۆژدا کۆریای باشووریش فڕۆکەی جەنگیی بۆ چاودێریکردنی فڕۆکە سەربازییەکانی رووسیا بڵاوەپێکرد.
فڕۆکەکان کەمێک دوای کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی ناوخۆ (19:00ـی شەوی دووشەممە بە کاتی هەولێر)، لە نزیک دوورگەی ئۆکینۆشیما لە ناوچەی فوکوئۆکای باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، چوونەتە نێو ئاسمانی ئەو وڵاتە.
مینۆرو کیهارا، گوتەبێژی باڵای حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند کە هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتەکەی فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆ هۆشداریدان بە فڕۆکە رووسییەکان فڕاندووە، و گوتی: "بەزاندنی ئاسمانی نیشتمانیمان لەلایەن فڕۆکەکانی رووسیاوە، نەک تەنیا پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی وڵاتەکەمانە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشمان و بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە."
رووسیا تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی ئەم دەنگۆیانەی نەداوەتەوە.
کیهارا گوتیشی: "ئێمە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە ناڕەزایەتییەکی زۆر تووندمان پێشکێشی رووسیا کردووە و بە تووندی داوای گرتنەبەری رێکارمان کردووە تاوەکو رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر رووداوێکی لەو شێوەیە بکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی کیهارا، فڕۆکەکان بە تەنگەی تسوشیمادا تێپەڕیون و چوونەتە نێوان دوورگەی یۆناگونی و تایوان، بەرلەوەی بەرەو زەریای هێمن بڕۆن.
ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان تۆکیۆ و مۆسکۆ
پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و رووسیا لە هەفتەکانی دواییدا زیاتر گرژ بوون، دوای ئەوەی مۆسکۆ رۆژنامەڤانێکی ژاپۆنی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرد و دەستی بەسەر سەرمایە و موڵکەکانی کۆمپانیای (ژاپۆن تۆباکۆ)ـدا گرت لە خاکی رووسیادا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ژاپۆن لە ساڵی 2024دا ناڕەزایەتییەکی زۆر تووندی ئاراستەی مۆسکۆ کردبوو دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی رووسیا سێ جار ئاسمانی وڵاتەکەی بەزاندبوو، کە یەکەمین بەزاندنی ئاسمانی تۆمارکراو بوو لە ساڵی 2019ـەوە.
فڕۆکەکانی رووسیا لە ئاسمانی کۆریای باشوور
راگەیێندراوەکەی تۆکیۆ دوای ئەوە هات کە کۆریای باشووریش ئاشکرای کرد کە فڕۆکەی جەنگیی فڕاندووە و "مانۆڕی تاکتیکیی" ئەنجامداوە دوای ئەوەی چەندین فڕۆکەی سەربازیی رووسیا چوونەتە ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە.
ململانێی مێژوویی لەسەر دوورگەکانی کوریل
رووسیا و ژاپۆن خاوەنی ناکۆکییەکی مێژوویین کە بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە لەسەر چارەنووسی زنجیرە دوورگەیەک لە زەریای هێمن، بەڵام پەیوەندییەکانیان زۆر زیاتر تێکچوون لەوەتەی تۆکیۆ چووەتە ریزی سزاکانی رۆژئاوا دژی مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە.
لە مانگی ئابدا، تۆکیۆ ناڕەزایەتیی دەربڕی بەرامبەر سەردانەکەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ دوورگەکانی کوریل لە رۆژهەڵاتی دوور، ناوچەیەکی جێناکۆک کە لە ژاپۆن بە "خاکەکانی باکوور" دەناسرێت و لە ساڵی 1945دا لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە داگیرکرا؛ ئەمەش یەکەمین سەردانی سەرۆکێکی رووسیا بوو بۆ ئەو دوورگانە لە دوای سەردانەکەی دمیتری مێدڤێدێڤ لە ساڵی 2010دا.
ژاپۆن هەروەها لە مانگی ئابدا ناڕەزایەتیی دەربڕی دژی بڕیارەکەی مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی مووشەکی لە نزیک یەکێک لەو دوورگە جێناکۆکانەی کە پوتین سەردانی کردبوو.
