رووداو دیجیتاڵ
زانیارییە نوێیەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەریدەخەن کە ئێران سەرقاڵی داڕشتنی کۆمەڵێک پلانە بۆ بەئامانجکردنی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە رێگەی تەقاندنەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت "بۆمبی پیس" (بۆمبی تیشکدەر) یان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەناو شاری واشنتنی پایتەختدا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەناو ناوەندە ئەمنییەکانی ئەمریکادا مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی ئایا تاران توانای جێبەجێکردنی ئەم پلانەی هەیە یان نا.
حەوت بەرپرسی ئەمریکی بە میدیاکانیان راگەیاندووە کە بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، ئەم پلانەی ئێران لە ئێستادا تەنیا وەک بژاردەیەکە لەبەردەستی تاراندا، نەک ئاماژەیەک بۆ هێرشێکی دەستبەجێ؛ بەڵام ئەو زانیارییانەی دەست هەواڵگریی ئەمریکا کەوتوون زۆر وردن و شوێن و ئامانجە دیاریکراوەکانی لەخۆگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەمنی لە واشنتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەکی لەو شێوەیە.
لۆرین بیس، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاودێریی هەر هەڕەشەیەک دەکات، بەڵام لەم کاتەدا هیچ هەڕەشەیەکی باوەڕپێکراو بۆ سەر نیشتمان بوونی نییە."
لە بەرامبەردا، نێردەی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە توندی ئەم زانیارییانەی رەتکردەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئێران "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت بە تەواوی بە نایاسایی دەزانێت و بە هەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتە درۆ و هەڵبەستراوانە رەتدەکاتەوە کە لەم بارەیەوە بڵاودەکرێنەوە."
پیلانی بەئامانجکردنی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ
بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە نیشانەی ئامادەییەکی مەترسیداری ئێرانن بۆ پەرەپێدانی جەنگەکە، دوای ئەوەی رووبەڕووی گوشارێکی یەکجار قورسی هێرشە سەربازییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و گەمارۆیەکی ئابووریی توند بووەتەوە کە بەرپرسانی باڵای واشنتن دەڵێن وڵاتەکەی "وێران" کردووە. ئەم داتایانە ئەوە دەردەخەن کە تاران لە ئێستادا بە شێوەیەکی چالاکانە پلانی هێرشکردنە نێو خاکی ئەمریکا دادەنێت، تەنانەت ئەگەر هێشتا بڕیاری کۆتاییشی لەسەر جێبەجێکردنی نەدابێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێ: "ئەوەی کە ئایا بە راستی ئێران کەس و کارمەندی مەیدانیی لە شوێنی خۆیدا هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، جێگەی مشتومڕە." دوو بەرپرسی دیکەش ئاشکرایان کرد کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا چەندین کۆبوونەوەیان بۆ چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشەیە ئەنجامداوە، کە بە پلانێکی "ژیرانە و پێشوەختە" وەسف کراوە.
ئەم مەترسییانە وای لە دەزگای پاسەوانیی نهێنیی سەرۆکایەتی (سیکرێت سێرڤس) کرد کە هەفتەی رابردوو سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بنکەیەکی سەربازی بگوازێتەوە.
پیلانەکانی ئێران دژی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا، لەنێویاندا پیلانی کوشتنی ترەمپ لە ساڵی 2024دا، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپەوە بەردەوام بووە، بەڵام پێشتر زیاتر تیشکی لەسەر دەرفەتی کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکا بوو لە کاتی گەشتەکانیاندا بۆ دەرەوەی وڵات.
بۆمبی پیس چییە و چۆن ماددەکان دەگەنە ئەمریکا؟
بەرپرسانی ئەمنی هۆشداری دەدەن کە ئەمریکا بە تەواوی لەبەردەم مەترسیدایە. بۆمبی پیس، کە بریتییە لە تێکەڵکردنی ماددەی تیشکدەر (رادیۆئەکتیڤ) لەگەڵ تەقەمەنییەکی ئاساییدا، درووستکردنی لە رووی تەکنیکییەوە ئاسانە. ئێران پێویستی بەوە نابێت چەکداری مەشقپێکراو لە دەرەوە بهێنێتە نێو ئەمریکا، بەڵکو تەنیا پێویستی بەوەیە کەسێک لەناوخۆی ئەمریکا قایل بکات تاوەکو تەقینەوەکە ئەنجام بدات.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا گوێبیستی پەیوەندییە تەلەفۆنی و دەنگییەکانی لایەنی ئێرانی بووە کە باسیان لەوە کردووە ماددەی تەقینەوەیان لەناو خاکی ئەمریکادا کۆگاکردووە.
سەرچاوەیەک گوتی: "بەهۆی ئەوەی سنوورەکانمان بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ تووندوتۆڵ نەبووە، یەکجار ئاسان بووە چەکدار و سیخوڕ بێنە ناو وڵاتەوە" تاوەکو کەرەستەی بۆمبەکە ئامادە بکەن؛ هەروەها بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی لەسەر ئەو باوەڕەن کە لەوانەیە ماددەی ئەتۆمی و تیشکدەری ئێرانی لەمێژە لەناو خاکی ئەمریکادا بوونی هەبێت. بە واتایەکی دیکە، توانای سەربازیی ئێران بۆ ئەم هێرشە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو ئەوەی گۆڕاوە پاڵنەر و ئیرادەی تارانە بۆ تۆڵەسەندنەوە.
بۆمبی پیس تەواو جیاوازە لە بۆمبی ئەتۆمی؛ بۆمبی ئەتۆمی پشت بە لێکترازانی ناوکی دەبەستێت و بە ملیۆنان هێندە وێرانکەرترە، لە کاتێکدا بۆمبی پیس تەنیا تیشکی مەترسیدار بە بەرگەهەوادا بۆ چەندین کیلۆمەتر بڵاودەکاتەوە، و زۆربەی قوربانییەکانی بەهۆی هێزی تەقینەوەکەوە دەبێت نەک تیشکەکە. شارەزایان دەڵێن: "ئەم چەکە چەکی تێرۆر و تۆقاندنە نەک چەکی ئامانجپێکی ورد، هاوشێوەی هێرشبەرێکی خۆکوژە؛ دەتوانێت خەڵکێکی زۆر نەخۆش بخات و ناوچەیەکی فراوان بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژیان بێبەش بکات."
یاسای سەرەکیی چاودێری کە رێگە بە دەزگا هەواڵگرییەکان دەدات چاودێریی پەیوەندییەکانی هاووڵاتییانی بیانی بکەن، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی ناکۆکیی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس لەسەر بیڵ پوڵتی، بەڕێوەبەری پێشووی بەوەکالەتی هەواڵگریی نیشتمانی بەسەرچوو. هەرچەندە فەرمانەکانی چاودێریی پێش مانگی حوزەیران تاوەکو ئاداری 2027 کارپێکراون، بەڵام بەرپرسان هۆشداریدەدەن کە ئەگەر یاساکە نوێ نەکرێتەوە، کاریگەرترین چەکی دەستیان بۆ ئاشکراکردنی تێرۆر لەدەست دەدەن.
لە نامەیەکدا بۆ سەرکردەکانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، تۆد بلانش داواکاری گشتی، جەی کلایتۆن بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، و جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، داوایان لە کۆنگرێس کرد بە پەلە یاساکە پەسەند بکاتەوە، و گوتیان دواکەوتنی "ژیانی ئەمریکییەکان لە نیشتمان و سەربازانمان لە دەرەوە دەخاتە مەترسییەوە لەم ژینگە ئەمنییە هەستیارەدا."
مەترسیی چەکی کیمیایی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە وردی چاودێریی زانیارییەکی دیکەی هەواڵگری دەکەن کە ئاماژە بەوە دەکات رەنگە ئێران چەکی کیمیایی لە دژی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت؛ ئەم زانیارییە سەرەتا لەلایەن رۆژنامەی نیویۆرک تایمزەوە بڵاوکرایەوە. چەندین بەرپرس بە راشکاوی دانیان بەوەدا ناوە کە سەربازانی ئەمریکا کەلوپەلی پاراستنی پێویست و مەشقی تەواویان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی لەو شێوەیە نییە.
سەرچاوەیەک بە کەناڵی (سی ئێن ئێن)ـی راگەیاند، ئەم نیگەرانییە وایکردووە پلانێکی هاوتەریب دابنرێت بۆ دابینکردنی کەرەستەی خۆپاراستن و مەشقپێکردنی دیپلۆماتکاران و کارمەندانی هەواڵگریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەگەر بێت و لەلایەن ئێرانەوە بە چەکی کیمیایی بکرێنە ئامانج.
چەقبەستوویی تەنگەی هورمز
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن کە ئەمریکا و ئێران لە تەنگەی هورمزدا لەناو ململانێیەکی سەختدا ماونەتەوە. گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، کردنەوەی تەنگەکە و راگرتنی جەنگ تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە؛ هەرچەندە هەردوولا دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، بەڵام هیچ لایەکیان ئامادە نین سازشی گەورە پێشکێش بکەن.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە ناوچەکە جەختی لەوە کردەوە کە چەند هەفتەی داهاتوو زۆر یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام نیگەرانی هەیە لەوەی کە باڵی توندڕەوی ناو دەسەڵاتی ئێران دەستپێشخەری بکەن و هێرشێک ئەنجام بدەن تاوەکو شەڕەکە درێژە بکێشێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی گوتی، تاران زۆر باش لە مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی وێرانکەری ئەمریکا تێدەگات ئەگەر هەر یەکێک لەم چەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لەناو خاکی ئەمریکادا بەکاربهێنێت؛ بەڵام ئەگەر سەرکردەکانی ئێران گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە مانەوەی دەسەڵاتەکەیان کەوتووەتە مەترسیی تەواوەوە، رەنگە ئەنجامدانی ئەو سەرکێشییە گەورەیە بە شایستەی تاقیکردنەوە بزانن.

