رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر تاوانی کۆمەڵکوژیی کوردی ئێزدی لە شنگال، ژمارەیەک لە رزگاربووانی ئەو کۆمەڵکوژییە لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لە بەردەم لێژنەیەکی باڵای "راستیدۆزی"ی نێودەوڵەتیدا، شایەتییان لەسەر تاوانەکانی کوشتن، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و بەکۆیلەکردنیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دا.
لە چالاکییەکی سێ رۆژەدا لە بەرلین، نزیکەی 30 رزگاربووی کوردی ئێزدی شایەتی لەسەر ئەو تاوانە دڕندانەیە دەدەن کە لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە عێراق و سووریا رووبەڕوویان بووەوە. ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە هاوکاریی دارایی حکومەتی بەریتانیا رێکخراوە، بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێکی هەمەلایەنە لەسەر ئاستی تاوانەکان.
حەوت دادوەر و پسپۆڕی نێودەوڵەتی، لە نێویاندا ناڤی پیلای، کۆمیسیاری پێشووی مافەکانی مرۆڤ و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026، شانبەشانی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و بەریتانیا، هەڵسەنگاندن بۆ شایەتییەکان دەکەن.
هێلینا کێنێدی، سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە دانیشتنەکەدا گوتی: "لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا هیچ لێپرسینەوەیەکی بنەڕەتی لەبارەی تاوانەکان نەکراوە؛ دەستدرێژی و بەکۆیلەکردنی ژنان و کچانی ئێزدی یەکێکە لە گەورەترین شەرمەزارییەکانی دوو دەیەی رابردوو." کێنێدی داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دادگەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەو جینۆسایدە دابمەزرێنێت.
چیرۆکی تاوانەکانی گوندی کۆچۆ و بازاڕی مووسڵ
لە دانیشتنەکاندا، نەجلا مەتوو، رزگاربوویەکی تەمەن 39 ساڵ، چیرۆکی هێرشی داعشی بۆ سەر گوندی کۆچۆ لە 15ـی ئابی 2014 گێڕایەوە کە چۆن باوک و براکەی لەبەر ئایینەکەیان کوژران و گوتی: "پیاوەکانیان کوشت و منیان بردە شاری مووسڵ؛ لەوێ وەک کەلوپەل پشکنینیان بۆ کردم و فرۆشتمیان بە چەکدارێکی داعش. دوای هەوڵێکی هەڵاتن، کەوتمە بەر دەستدرێژی و دووبارە فرۆشرامەوە؛ هیوادارم رۆژێک بێت تاوانباران لە دادگە رووبەڕووی سزای خۆیان ببنەوە."
هاوکات سەنا نەعمەت، شایەتحاڵێکی دیکەی ئێزدی هۆشداری دا کە "کۆمەڵکوژیی گەلەکەمان هێشتا بەردەوامە" و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تاوەکو ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار ژن و منداڵی رفێندراوی ئێزدی بە نادیاری ماوەتەوە.
لە هێرشی چەکدارانی داعش لە ئابی 2014 بۆ سەر شنگال، نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و زیاتر لە شەش هەزار و 400 کەسی دیکەش رفێندران و کرانە کۆیلە.
سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانەکانی داعشیان وەک "جینۆساید" ناساندووە، بەڵام پرۆسەی بەدادگەییگەیاندنی تاوانباران زۆر خاوە؛ زۆربەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە عێراق دادگایی دەکرێن تەنیا بە ماددەی چواری تیرۆر سزا دەدرێن نەک بە تاوانی جینۆساید.
ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە کە لە ئەڵمانیا زیاتر لە 230 هەزار کوردی ئێزدی نیشتەجێن، هاوکات تیمی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد - UNITAD) لە ساڵی 2024 کارەکانی لە عێراق راگرت، ئەمەش وایکردووە رزگاربووان پەنا بۆ لێژنە و دادگە نێودەوڵەتییەکان بەرن تاوەکو دۆسیەکەیان بە زیندوویی بمێنێتەوە.



