رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامارێکی نوێی لەبارەی تێکشکاندنی مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە جەنگی نێوانیاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سیستمی بەرگریی وڵاتەکەی 99.99٪ـی هێرشە ئاسمانییەکانی تاران پووچەڵکردووەتەوە، هاوکات رەخنەی تووندی لە میدیاکان گرت بەوەی دەستکەوتەکانی سوپای ئەمریکا دەشارنەوە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەییی داستانئاسا"ـەوە، ئێران لە نێوان هەشت هەزار بۆ نۆ هەزار درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کردووە، بەڵام "تەنیا دوو درۆن توانیویانە سیستمی بەرگری ببڕن و زیانی گیانی لە هێزەکانی ئەمریکا بدەن، ئەویش لە رۆژی یەکەمی جەنگدا بوو لە کوێت و سعودیە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە هەمان ماوەدا نزیکەی دوو هەزار مووشەکی بالیستی هاویشتووە، بەڵام لەو ژمارە زۆرەدا تەنیا یەک مووشەک لە ئوردن ئامانجی پێکاوە. ترەمپ شیکردنەوەی بۆ ئەو داتایانە کرد و گوتی، "واتای ئەم داتایانە ئەوەیە کە 99.99٪ـی مووشەک و درۆنەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە، یاخود بە هەر حاڵەتێک بێت نەیانتوانیوە ببنە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکی."
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکای کرد و گوتی، "رێکارە بەرگرییەکانی سێنتکۆم لە رووی مێژووییەوە بێوێنە و کاریگەر بوون، هیچ هێزێک لە جیهاندا توانای ئەوەی نییە بەم ئاستە بەرزە و بەم شێوەیە سەرکەوتووانە کار بکات."
هاوکات، ترەمپ هێرشی کردە سەر بەڕێوەبەرانی نوێی بەرنامەی بەناوبانگی "60 خولەک" لە کەناڵی (سی بی ئێس)ـی ئەمریکی و رایگەیاند، "راپۆرتەکەی ئەم دواییەیان لەبارەی قۆناخی سەرەتای شەڕی ئێران هەڵە بووە و بە مەبەست سەرکەوتنە مێژووییەکانی هێزە بەرگرییەکانی سوپای ئەمریکایان پشتگوێ خستووە."



