رووداو دیجیتاڵ
دانپێدانانی کەسێک لە کۆریای باشوور بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش لە تاقیکردنەوەیەکی ژمێریاریدا، مامۆستایان و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی خستووەتە ئامادەییەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی هاوشێوە لە تاقیکردنەوەی چارەنووسسازی وەرگرتن لە زانکۆکاندا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت.
ئەو تاقیکردنەوەیە کە ساڵانە یەک جار دەکرێت و بە (سونونگ) ناسراوە، رۆژی پێنجشەممە 19-11-2026 بەشێکی زۆری جووڵە لە کۆریای باشوور دەوەستێنێت؛ بە جۆرێک لە کاتی تاقیکردنەوەی بەشی گوێگرتنی زمانی ئینگلیزیدا گەشتە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێن و مامەڵەکانی بۆرسەش بۆ ماوەی کاژێرێک دوادەخرێن.
کیم سیونگهۆ، مامۆستایەکی ئامادەیی لە شاری چیۆنگجو گوتی، دانپێدانانەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەو کەسە بە بەکارهێنانی کامێرایەکی زۆر بچووک و مۆبایل لە دوو تاقیکردنەوەی نیشتمانیی (باج) لە سەرەتای ئەم ساڵدا "ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو مامۆستایاندا دروستکردووە."
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ هەر ناوەندێکی تاقیکردنەوە شەش بۆ حەوت ئامێری پشکنینی کانزا دابینکراوە، بەڵام بەشی هەموو پۆلەکان ناکات؛ کێشەکەش ئەوەیە نازانین ئایا ئەو ئامێرانە دەتوانن کامێرا زۆر بچووکەکان یان بیستۆکە نانۆییەکان ئاشکرا بکەن یان نا."
ئەم ساڵ زیاتر لە نیو ملیۆن قوتابی بەشداری لەو تاقیکردنەوە سەختە نۆ کاژێرییەدا دەکەن لە کۆریای باشوور، کە تێیدا وەرگیران لە زانکۆیەکی ئاستبەرز نەک تەنیا وەک کلیلی دەستکەوتنی کارێکی پڕداهات، بەڵکو وەک دەرفەتێکی باشتری هاوسەرگیریش سەیر دەکرێت.
سۆنگ جی ئیون، قوتابییەکی تەمەن 18 ساڵ کە بەشداری لە تاقیکردنەوەکە دەکات گوتی، ئەستەم دەبێت سەرنجی کۆبکاتەوە "ئەگەر چاودێرەکان بەردەوام چاویلکەکەم بپشکنن" بۆ دۆزینەوەی کامێرای بچووک. گوتیشی: "گوتەیەک هەیە دەڵێت تەنانەت شنەبایەکی سووکیش دەتوانێت کار بکاتە سەر سەرنج، نمرە و تەنانەت تەواوی ژیانت."
ئەگەری بڕینی ئینتەرنێت
ئاشکرابوونی ئەم گزییە وایکرد نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور پلانی جێگیرکردنی کامێرای گەرمیبین لە ناوەندەکانی تاقیکردنەوە رابگەیێنێت، هەرچەندە هێشتا روون نییە ئایا لە هەموو هەزار و 312 ناوەندەکەی تاقیکردنەوە دادەنرێن یان نا.
هاوکات بەرپرسانی پەروەردە تاوتوێی راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی گشتی لە نزیک ناوەندەکانی تاقیکردنەوە دەکەن. بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە گوتی: "پێداچوونەوە بە هەموو رێکارەکاندا دەکەین، لەنێویاندا راگرتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێتی گشتی، پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکە راگەیێندراوێک بڵاودەکەینەوە."
بەپێی راپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان، حکومەت گفتوگۆی لەسەر بڕینی داتای مۆبایلی 5G و LTE لە دەوروبەری ناوەندەکانی تاقیکردنەوە و کاراکردنی ئامێری تێکدانی شەپۆلەکانیش کردووە.
چۆی ئیون ئۆک، جێگری وەزیری پەروەردە گوتی: "بەو پێیەی ئامێرەکان زۆر پێشکەوتوو بوون، لەنێویاندا ئەوانەی بە جەستەوە دەلکێندرێن، ئاسان نییە 100٪ رێگری لە گزیکردن بکرێت بەبێ بڕینی تەواوەتیی پەیوەندییەکان." بەڵام شارەزایان دەڵێن لە رووی تەکنیکییەوە ئەوە مەحاڵە، چونکە پەیوەندیی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دەوروبەر پەکدەخات و رێگری لە پەیوەندییە فریاگوزارییەکان دەکات.
چۆی کیۆجین، وەزیری پەروەردەی کۆریای باشوور رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی زانست لە راوێژدان بۆ ئەوەی بزانن تاچەند دەکرێت تەنانەت بۆ بەشێکی تاقیکردنەوەکەش رێکارەکانی بڕینی شەپۆل جێبەجێ بکرێن، هاوکات داواکارییەکانی بۆ دواخستنی کاتی تاقیکردنەوەکە رەتکردەوە و گوتی ئەوە "سەرلێشێواوییەکی گەورەتر دروست دەکات."
متمانە لە مەترسیدایە
دانپێدانانە ڤیدیۆییەکەی ئەو گزیکارە کە لە کەناڵی یوتیوبی پارێزەرەکەی بڵاوکرایەوە، دوای ئەوە هات کە گومان لەسەر ئاست و ئەنجامەکانی دروستبوو؛ ئەو لە هەردوو قۆناخی تاقیکردنەوەکەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو و لە قۆناخی یەکەمدا لە کۆی 160 پرسیار وەڵامی 159 پرسیاری بە دروستی دابووەوە، کە زۆرێک لە ژمێریارانی باج بە کارێکی نزیک لە مەحاڵ دایاندەنا.
ئەم رووداوە گومانی ئەوەشی دروستکردووە کە رەنگە پێشتریش ژیریی دەستکرد لە تاقیکردنەوە چارەنووسسازەکانی دیکەدا بەکارهێنرابێت، وەک تاقیکردنەوەی وەرگرتن لە کۆلێژی یاسا. لەو چوارچێوەیەدا، لی جین وو کە لە مانگی تەممووزدا نمرەی تەواوی لە تاقیکردنەوەی کۆلێژی یاسا بەدەستهێنابوو و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردبوو، رووبەڕووی گومان بووەوە؛ بۆیە بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە بە پەخشی راستەوخۆ بەشی زمانی کۆریی تاقیکردنەوەی (سونونگ) شیکار بکات بۆ سەلماندنی تواناکانی.
بەرپرسان پلانیان هەیە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو دۆسیانەدا بکەن کە گومانی گزییان لێدەکرێت لە تاقیکردنەوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا، بەڵام مامۆستا کیم دەڵێ، ئەم هەنگاوانە درەنگ کەوتوون: "لە مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولدا دوو تاقیکردنەوەی ئەزموونیمان هەبوو، دەمانتوانی ئامادەکارییەکانمان بۆ رێگری لە گزیی ژیریی دەستکرد تاقیبکەینەوە، بەڵام هیچمان نەکرد و دەرفەتەکانمان بەفیڕۆ دا."
شارەزایان هۆشداری دەدەن، هەر پێشێلکارییەک لەم تاقیکردنەوەیەدا متمانەی گشتی بەو سیستمە لەق دەکات کە وەک بناخەی دادپەروەری و شایستەسالاری لە وڵاتەکەدا سەیر دەکرێت.
کیم سیۆنگ شین، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هانیانگ گوتی: "سونونگ هێمای دادپەروەرییە لە کۆریای باشوور کە تێیدا قوتابییان بەبێ گوێدانە پاشخان و بارودۆخیان بە یەکسانی کێبڕکێ دەکەن؛ ئەگەر ئامێرەکانی ژیریی دەستکرد بتوانن ئەم تاقیکردنەوەیە بشێوێنن، کێشەکە زۆر لە گزییەکی تاکەکەسی گەورەتر دەبێت و بە واتای لەنێوبردنی متمانەی خەڵک دێت بە تەواوی سیستمی تاقیکردنەوەکان."



