رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانانی بواری ژینگە لە شاری مانێلای پایتەختی فلیپین، لە هەنگاوێکی ناڕەزایەتیدا بە تیشکی لەیزەر وشەی "بڕۆ دەرەوە - OUT"ـیان لە تەنیشت لۆگۆی "تاوەری ترەمپ" لە شارەکەدا نیشاندا، ئەوەش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەشداریکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 49ـیەمین لوتکەی سەرکردەکانی ئاسیان (ASEAN) و جەنگی دژی ئێران.
چالاکڤانە ژینگەپارێزەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سەردانەکەی ترەمپ بۆ وڵاتەکەیان رەتدەکەنەوە، هاوکات سەرکۆنەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە دژی ئێران کرد کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەییی نرخی سووتەمەنی و تێکدانی کەشوهەوا لە جیهاندا.
یەکێک لە چالاکڤانەکان لەبارەی ناڕەزایەتییەکەیانەوە رایگەیاند: "جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بارگرانییەکی قورسی بەهۆی گرانیی نرخی سووتەمەنی و کارەباوە خستووەتە سەر شانمان، جیا لەو کارەساتە ژینگەیی و کەشوهەواییانەی کە ئێستا بەهۆی ئەم جەنگەوە بەسەرماندا هاتوون، لە کاتێکدا ئێمە دەستپێکەری ئەو شەڕە نەبووین."
ئەم ناڕەزایەتییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ گەیشتووەتە فلیپین بۆ بەشداریکردن لە 49ـیەمین لوتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان)، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنی نێودەوڵەتیی سەرۆکی ئەمریکایە دوای ئەو شکستە گەورەیەی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسدا تووشی پارتەکەی بوو.



