رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، سەرکردەکانی چین، رووسیا و ئەمریکا یەکەمین لووتکەی سێقۆڵیی خۆیان لە باشووری چین ببەستن؛ پەکین دەڵێ سەرکردەکان گفتوگۆ لەبارەی "پاراستنی ئاشتیی جیهانی" دەکەن، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت پرسی چەکی ئەتۆمی و جەنگی ئێران لە سەرووی ئەجێندای کۆبوونەوەکەوە بن، بەڵام دۆسیەی ئۆکراینا پشتگوێ دەخرێت.
رۆژی دووشەممە 16-11-2026، حکومەتی چین بە فەرمی رایگەیاند، هەریەک لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە 19-11-2026 لە شاری شێنجن لە باشووری چین و لە پەراوێزی لووتکەی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) کۆدەبنەوە.
پەکین وردەکاریی کەمی لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە هەرسێ سەرکردە "ئاڵوگۆڕی قووڵی بیروڕا لەبارەی پاراستنی ئاشتیی جیهانی و پەرەپێدانی سەقامگیریی ستراتیژی لە پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکاندا" دەکەن.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین چەند کاژێرێک دوای پشتڕاستکردنەوەی کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەم لووتکەیە بایەخێکی مێژوویی و وەرچەرخانی دەبێت."
داماڵینی چەکی ئەتۆمی
دیپلۆماتە باڵاکانی چین و ئەمریکا پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو, رەنگە گفتوگۆ سێقۆڵییەکان بابەتی هەستیاری داماڵینی چەکی ئەتۆمی بورووژێنن.
واشنتن دەیەوێت پەکین ببێتە بەشێک لە رێککەوتنێکی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی؛ بەڵام چین هەمیشە باسی ئەوەی کردووە، دەبێت سەرەتا ئەمریکا و رووسیا جبەخانە ئەتۆمییە زەبەلاحەکانی خۆیان کەم بکەنەوە پێش ئەوەی پەکین لەسەر کۆگای چەکەکانی خۆی بە دانوستاندن رازی بێت.
دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا پەیماننامە دووقۆڵییەکەی نێوان ئەمریکا و رووسیا بۆ چەکی ئەتۆمی کۆتایی هات، ترەمپ داوای "رێککەوتنێکی باشتر"ـی کرد کە چینیش لەخۆبگرێت، هەرچەندە پەکین ئەو کاتە بەشداریکردنی لە دانوستاندنەکانی داماڵینی چەکدا رەتکردەوە.
بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم هەفتەیەدا، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی گفتوگۆی مانادار لە ئاستی سەرکردەکاندا بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی وەک ئاشتی و داماڵینی چەکی ئەتۆمی رێککەوتن."
لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) لە فلیپین رایگەیاند، ئەگەر هەرسێ سەرکردەکە "بەڕاستی پابەند بن بە داماڵینێکی ماناداری چەکی ئەتۆمییەوە، ئەوە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ جیهان." گۆتێرێز گوتیشی: "ئێمە تەنیا کاتێک بە تەواوی پارێزراو دەبین کە جیهان بە تەواوی لە چەکی ئەتۆمی پاک ببێتەوە."
کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، پێدەچێت هەرسێ سەرکردەکە باس لە جەنگەکەی ئێرانیش بکەن. ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "باسی زۆر شت دەکەین، لەنێویاندا داماڵینی چەکی ئەتۆمی، بەڵام باسی زۆر شتی دیکەش دەکەین؛ ئێمە هەوڵ دەدەین کۆتایی بە جەنگ لە ئێران بهێنین."
چین کە هاوبەشێکی ئابووریی سەرەکیی ئێرانە، ماوەیەکی زۆرە هەوڵی نێوەندگیری دەدات لەو ململانێیەی کە بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستی پێکرد و بووەتە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی دەریایی جیهانی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە جیهاندا.
ترەمپ لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا رایگەیاندبوو، ئەمریکا بەشێکی زۆری توانای سەربازیی ئێرانی لەنێوبردووە، بەڵام هێشتا دەبێت مامەڵە لەگەڵ "یەک یان دوو ئامانج"ـی دیکەدا بکات.
هاوکات پەکین دەڵێت رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ "لە کاری لەپێشینەیە" و لە چەند هەفتەی رابردوودا میوانداریی سەرکردە و دیپلۆماتەکانی چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە بۆ رازیکردنی لایەنەکان بە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
ئۆکراینا لە دەرەوەی گفتوگۆکانە و کیێڤ نیگەرانە
بە پێچەوانەی ئێران و پرسی ئەتۆمییەوە، پێدەچێت دۆسیەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەدا باس نەکرێت.
هەرچەندە مانگی رابردوو رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردبووەوە، پووتین دەیەوێت لە رێگەی ئەم گفتوگۆ سێقۆڵییەوە رێککەوتنێکی ئاشتی لە ئۆکراینا لە بەرژەوەندیی مۆسکۆ بەدەستبهێنێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن پێشبینی ناکرێت ترەمپ ئەو بابەتە بورووژێنێت.
هەروەها فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا رایگەیاند، شی جینپینگ لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەدا "بێزاریی" خۆی نیشان داوە کاتێک بیرۆکەی باسکردنی ئۆکراینا لە لووتکە سێقۆڵییەکەدا هاتووەتە پێشەوە و گوتوویەتی: "ئەو بە روونی ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە ململانێیەکی ئەورووپییە و دەبێت ئەورووپییەکانیش لەسەر مێزی گفتوگۆ بن."
بەڵام ئەمە نیگەرانییەکانی کیێڤی نەڕەواندووەتەوە کە دەترسێت پەراوێز بخرێت. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هۆشداریی داوە لەوەی ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە "دابەشکردنەوەی ناوچەکانی هەژموون" بۆ سەدەی 21 هاوشێوەی لووتکەی یاڵتای ساڵی 1945، کاتێک سەرکردەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیەت سنوورەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەمیان بەبێ گوێدانە وڵاتانی دیکە کێشایەوە.
ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرایناش رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی ئەمریکا، چین و رووسیا "تەنیا هانی پووتین دەدات بۆ بەردەوامبوون لەم جەنگە."



