رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئێران هێشتا لە نێوان 1,500 بۆ 2,500 مووشەکی لە کۆگاکانیدا ماوە، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە و توانایەکی بەرچاو بە تاران دەبەخشێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگدا.
رۆژی شەممە بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، ئەم خەمڵاندنە وەک هەڵسەنگاندنێکی "متمانە نزم" پۆلێن کراوە، بەهۆی سەختیی دیاریکردنی ئەوەی کە ئێران بە وردی چەند مووشەکی ئامادەی تەقاندنی هەیە یان چەندیان لە کۆگاکاندا هەڵگیراون.
کاتێک دەزگایەکی هەواڵگری دەڵێت هەڵسەنگاندنەکەی "متمانە نزم"ـە، مەبەستی ئەوەیە کە ئەگەری هەیە دەرەنجامەکە راست بێت، بەڵام بەڵگە و زانیارییە بەردەستەکان بەس نین بۆ ئەوەی بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە.
سەرەڕای ئەو نادڵنیاییە، بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، تاران پارێزگاریی لە جبەخانەیەکی مووشەکیی بەهێز کردووە؛ گوتوشیانە، پرسی بونیادنانەوەی کۆگای مووشەکیی ئێران، بووەتە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان لە نێو گفتوگۆکاندا سەبارەت بەوەی ئایا هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێبکەنەوە یان نا.
ئەو راپۆرتە لە کاتێکدایە دوێنێ ئاژانسی هەواڵیی (رۆیتەرز) لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ لە نێوان هەڕەشەی فراوانکردنی جەنگ بە هێرشی نوێ و هێورکردنەوەی گرژییەکاندایە.
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، "تاوەکو ئێستا دیار نییە ترەمپ لەبارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەو جەنگە نەخوازراوەی کە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران هەڵیگیرساند، بڕیاری کۆتایی دابێت."
بەگوتەی سەرچاوەکان، ترەمپ لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی و دوای وەرگرتنی زنجیرەیەک زانیاریی هەواڵگری، باسی لەوە کردووە، بیر لە "راگرتنی هێرشەکان دەکاتەوە" و هاوسۆزییشی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە نیشانداوە کە داوایان لێکردووە نەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی سەرانسەری.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە 12-11-2026، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی گوتی: "دەمتوانی دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی کە دەمەوێت بیانپارێزم، بە رێگەیەکی کەمێک درێژتر و شارستانییانەتر [کارەکە] دەیکەین."
ترەمپ هەمان رۆژ لە ترووس سۆشیاڵ نووسیبووی: "لەگەڵ ئێران پێویستیمان بە رێککەوتن نییە؛ ئێمە پارەکانی ئەوانمان لایە کە سەدان ملیار دۆلارە و تەنگەکەشمان [تەنگەی هورمز] لەژێر دەستدایە."
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند: "وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆک ترەمپ تاکە بڕیاردەرە کە هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و هەمیشە دڵنیایی دەدات لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ئەمریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە بە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران؛ تەنیا سەرۆک ترەمپ دەزانێت چی دەکات و کەی دەیکات."
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە.



