رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی داڵاس لەڤ فیڵد لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، بەهۆی هەڕەشەی بۆمبەوە بە رووی سەرجەم گەشتە هاتوو و رۆیشتووەکاندا داخرا.
رۆژی یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، فیدراسیۆنی فڕۆکەوانیی ئەمریکا رایگەیاند، داخستنی فڕۆکەخانەکە لە کاژێر 8:29ـی شەوی 14ـی تشرینی دووەمی 2026 بە کاتی واشنتن دی سی )رۆژی یەکشەممە، کاژێر 3:29 بەیانی بەکاتی هەولێر) دەستی پێکردووە.
سەرجەم ئەو گەشتە ئاسمانییانەی بەرەو فڕۆکەخانەکە دەچوون، ئاراستەکەیان بەرەو فڕۆکەخانەکانی دیکەی ناوچەی داڵاس گۆڕدراوە.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، لە تۆمارێکی دەنگیی تاوەری چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانیدا بە فڕۆکەوانەکان گوتراوە، "تاوەری لەڤ فڕۆکەخانەکە دادەخات، پێموایە هەڕەشەی بۆمب یان شتێکی لەو جۆرە هەبووە."
لە ئێستادا هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان، ویلایەتییەکان و فیدراڵییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە و پشکنینیان دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسان وردەکاریی هەڕەشەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەپێی ئاگادارینامەی فیدراسیۆنی فڕۆکەوانیی ئەمریکا، بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکە تاوەکو کاژێر 6:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە بەکاتی واشنتن (کاژێر 1ی دوا نیوەڕۆی هەمان رۆژ بە کاتی هەولێر) بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەری هەیە دوای دڵنیابوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە سەلامەتیی شوێنەکە، زووتر بکرێتەوە. داواش لە گەشتیاران کراوە پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکانیانەوە بکەن بۆ زانینی دۆخی گەشتەکانیان.
ئەگەری بوونی بۆمب لە فڕۆکەخانەکەدا لە کاتێکدایە لە سەرەتای تشرینی دووەمەوە دەیان هەڕەشەی دیکەی هاوشێوە بۆ فڕۆکەخانە، گەشتە ئاسمانییەکان و ناوەندەکانی راگەیاندن لە ئەورووپا چوون.



