رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای سپەیس ئێکس رۆژی شەممە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانی کەشتییەکی ئاسمانی لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئاسمان بگرێتەوە؛ ئەم دەستکەوتە تەکنیکییە توانای بەکارهێنانەوەی تەواوەتیی مووشەکەکان دەسەلمێنێت و گەشتە ئاسمانییە تێچووکەمەکان هەنگاوێک لە راستییەوە نزیک دەکاتەوە.
کەشتیی ئاسمانیی ستارشیپ دوای ئەوەی بەرگەی گەرمایەکی یەکجار زۆری گەڕانەوە بۆ نێو بەرگەهەوای زەوی گرت، لە نێو ئاسمانێکی هەوراوییەوە دەرکەوت و بە هێواشی بەسەر بنکەی ستاربەیسـدا دابەزی و بە نەرمی لە نێوان دوو باڵی میکانیکی لە سەرووی سەکۆی هەڵدانی ژمارە 2ـدا گیرسایەوە.
ئەم سەرکەوتنە وەرچەرخانێکە لە هەوڵە چەند دەیەییەکانی پیشەسازیی بۆشایی ئاسماندا بۆ دروستکردنی سیستەمی مووشەکی کە بە تەواوی دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، ئامانجێک کە دەتوانێت تێچووی ئەرکە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و هەڵدانی مووشەکی زیاتر و خێراتر بڕەخسێنێت.
دان هیوت، گوتەبێژی سپەیس ئێکس رایگەیاند: "ئەوە خەونە گەورەکەی گەشتی ئاسمانی بوو، کە بە نێو ئاگردا بێتە خوارەوە و لە ئاسماندا بە پۆڵا بگیرێتەوە. ئێمە ستارشیپمان گرتەوە و ئێستا هەموو شتێک دەگۆڕێت."
ئەو جەماوەرەی لە کەناراوەکانی کەنداوی مەکسیک لە نزیک ستاربەیس کۆببوونەوە، لەگەڵ دەرکەوتنی کەشتییەکەدا هاواری خۆشییان لێ بەرزبووەوە.
ئەمە 15ـەیەمین گەشتی تاقیکردنەوەی گەورەترین و بەهێزترین سیستەمی مووشەکی بوو لە جیهاندا؛ لەم گەشتە 22 کاژێرییەدا، ستارشیپ 14 جار بە دەوری زەویدا سووڕایەوە و 26 مانگی دەستکردی بۆ تۆڕی ئینتەرنێتی ستارلینک جێگیر کرد. تاوەکو ئێستا سپەیس ئێکس سێ جار مووشەکی پاڵنەری گرتبووەوە، بەڵام گرتنەوەی ستارشیپ زۆر ئاڵۆزتر بوو چونکە کەشتییەکە زۆر خێراتر و لە بەرزییەکی زۆر زیاترەوە دەهاتە خوارەوە.
مووشەکی پاڵنەر ئەرکی سەرەکی بریتییە لە دابینکردنی هێزێکی یەکجار گەورە بۆ دەربازکردنی کەشتییە ئاسمانییەکە لە هێزی کێشکردنی زەوی و بەرگەهەوا لە یەکەمین خولەکەکانی فڕیندا.
ئیلۆن مەسک پیرۆزبایی لە تیمی سپەیس ئێکس کرد و گوتی کەشتییەکە "زۆر نایاب دەردەکەوێت." هاوکات کلەیتن سوۆپ، پسپۆڕی بواری بۆشایی ئاسمان لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، ئەرکەکەی بە "دەستکەوتێکی تەکنیکیی گەورە" ناوبرد و گوتی: "با بزانین چەندە بە خێرایی دەتوانن دووبارەی بکەنەوە." شرۆڤەکاری زانستی کاسلین کورلیش ئاماژەی بەوە کرد، سپەیس ئێکس پێویستی بە چەندین سەرکەوتنی دووبارە هەیە بۆ سەلماندنی تواناکانی لە هەڵگرتنی بار و ئەرکە هەستیارەکاندا.
بە گوتەی لارس بلاکمۆر، ئەندازیاری باڵای سپەیس ئێکس، رێڕەوی گەڕانەوەی ستارشیپ بە وردی نەخشەی بۆ کێشرابوو تاوەکو لە ناوچە قەرەباڵخەکان دووربکەوێتەوە و بەسەر ناوچە بیابانییە کەم دانیشتووانەکاندا تێپەڕی و لە رۆژهەڵاتەوە لە شوێنی نیشتنەوەکەی نزیک بووەوە.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا) چاوەڕوان دەکات ستارشیپ وەک کەشتیی نیشتنەوە لەسەر مانگ لە پڕۆژەی ئارتەمیسدا بەکاربهێنرێت. جارێد ئیساکمان، بەڕێوەبەری ناسا رۆژی شەممە گرتنەوەی کەشتییەکەی بە "نزیک لە جادوو" ناوبرد.
سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، پڕۆژەی ستارشیپ هێشتا رووبەڕووی ئاڵنگاریی ئەندازیاریی گەورە دەبێتەوە، لەوانە کێشەی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ کەشتییەکە لە خولگەی ئاسماندا کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەشتکردن بەرەو مانگ و مەریخ. سپەیس ئێکس دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا بە چوونە نێو بۆرسەوە نزیکەی 85.7 ملیار دۆلاری کۆکردەوە، وەبەرهێنانێکی گەورە لە بەرهەمهێناندا دەکات و ئێستا توانای هەیە هەموو دوو هەفتە جارێک کەشتییەکی ئاسمانی و هەموو چوار هەفتە جارێک مووشەکێکی پاڵنەر بەرهەم بهێنێت.



