رووداو دیجیتاڵ
بۆ پێنجەمین شەممەی لەسەریەک، دەیان هەزار خۆپێشاندەر لە شارەکانی فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و دژی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، گرانی و پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ پێدانی پارێزبەندیی یاسایی زیاتر بە پۆلیس ناڕەزایەتییان دەربڕی.
رۆژی شەممە 14-11-2026، خۆپێشاندەران کە لە قوتابییان، سەندیکاکان و چالاکڤانانی بزووتنەوەی (ئێلەک زەردەکان) پێکهاتبوون، بە ئاڵای فەرەنساوە سەرکەوتنە سەر پەیکەرەکانی نێو گۆڕەپانەکان و دروشمەکانی "دادپەروەری نەبێت، ئاشتی نابێت" و "هەمووان رقیان لە پۆلیسە"ـیان دەگوتەوە.
بەشێک لە خۆپێشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسایان کرد و بووکەڵەیەکی زەبەلاحیان بەرزکردبووەوە کە لەسەر کڵاوەکەی نووسرابوو "لۆرد ماکرۆن".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، نزیکەی 106 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە کە 24 هەزاریان لە پاریس بوون؛ ئەمەش بە کەمترین رێژەی بەشداری دادەنرێت لە چەند هەفتەی رابردوودا.
لە بەرامبەردا، یەکێتییەکانی قوتابییان ژمارەی خۆپێشاندەرانیان بە 200 هەزار کەس لە سەرانسەری فەرەنسا و نزیکەی 100 هەزار کەس لە پاریسی پایتەخت خەمڵاندووە.
پڕۆژەیاسای پۆلیس؛ "بەرگری لەخۆکردن" یان "مۆڵەتی کوشتن"؟
زیاتر لە مانگێکە دووەم گەورەترین ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی داخستنی قوتابخانە ئامادەییەکان و خۆپێشاندانی جەماوەرییەوە شڵەژاوە، لە کاتێکدا پارتە راستڕۆ تووندڕۆکان لە راپرسییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی داهاتوو لە پێشەنگدان.
ئادریان، ژەنیارێکی تەمەن 20 ساڵانی ئامێری چەلۆیە لە ئۆرکێسترایەکی خۆبەخش لە خۆپێشاندانەکەی پاریس دەڵێ، تەوەری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ پڕۆژەیاسایەکی نوێیە لە پەرلەمان بۆ پێدانی پارێزبەندیی زیاتر بەو پۆلیسانەی چەکەکانیان بەکاردەهێنن.
پشتیوانانی پڕۆژەیاسا نوێیەکە، لەنێویاندا پارتە راستڕۆ تووندڕۆکەی مارین لوپێن کە بەربژێری سەرەکیی سەرۆکایەتییە، دەڵێن، یاسایەکی نوێ کە وا دابنێت پۆلیس لە کاتی تەقەکردندا بەرگریی لە خۆی کردووە، پێویستە بۆ ئەوەی ئەفسەران راستەوخۆ تۆمەتبار نەکرێن بە بەکارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر.
لە بەرامبەردا، چالاکڤانان پێیانوایە ئەو یاسایە دەبێتە "مۆڵەتی کوشتن"، چونکە رێگری لە کردنەوەی لێکۆڵینەوە دەکات و لێپرسینەوە لە هێزە ئەمنییەکان لە وڵاتێکدا سەختتر دەکات کە تێیدا دۆسیەکانی تووندوتیژیی پۆلیس بە دەگمەن دەگەنە دادگەی تاوانەکان.
لە شاری بۆردۆ لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا، جۆزێتی تەمەن 72 ساڵ بە گوتنەوەی سروودێکی ناڕەزایەتی بەشداریی کردبوو و گوتی: "منداڵەکانم نەیاندەویست بێم، بەڵام زۆر سوپاسگوزاری گەنجانم بۆ دەستپێکردنی ئەم بزووتنەوەیە؛ ئەوان هیوامان پێدەبەخشن لە کاتێکدا هەست دەکەین بەرەو کارەسات دەچین بەهۆی گەرمبوونی زەوی و بزووتنەوە راستڕۆ تووندڕۆکانەوە."
تووندوتیژی و داڕمانی جەماوەریی ماکرۆن
بەپێی نوێترین راپرسییەکان، جەماوەریی ئیمانوێل ماکرۆن گەیشتووەتە نزمترین ئاست لەوکاتەوەی لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆک؛ حکومەتەکەشی دەستی کراوە نییە بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپێشاندەران، چونکە هەوڵدەدات قەرزەکانی وڵات کەمبکاتەوە.
راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ژان لوک مێلانشۆن، بەربژێری چەپی تووندڕۆ لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت، لە کاتێکدا راستڕۆی نێوەند گیرۆدەی نەبوونی بەربژێرێکی بەهێزە.
لە شاری توولوز لە باشووری فەرەنسا، کێنزا، پسپۆڕی تەمەن 28 ساڵان لە یاسای پەنابەری، سەرکۆنەی مامەڵەی حکومەتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان کرد و گوتی: "سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران قبووڵکراو نییە، بەتایبەت کاتێک خۆپێشاندەران منداڵ و مێرمنداڵ بن."
هەفتەی رابردوو ژمارەیەک پارێزەر رایانگەیاندبوو، تووندوتیژیی پۆلیس لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەدا بووەتە هۆی کەمئەندامبوون و برینداربوونی سەختی دەست، قاچ و چاوی خۆپێشاندەران.
خۆپێشاندانەکانی رۆژی شەممە بە شێوەیەکی گشتی ئاشتییانە بوون، بەڵام پۆلیس لە پاریس، بۆردۆ و شاری نانت لە رۆژئاوای فەرەنسا گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک کەس یاریی ئاگرینیان تەقاند.
سەندیکاکان دوای ئەوەی بەڵێنی حکومەتیان بۆ زیادکردنی کەمترین ئاستی مووچە بە رێژەی 0.6٪ وەک "وردەنان" رەتکردەوە، بانگەوازیان بۆ مانگرتنێکی نوێ لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، گەورەترین خۆپێشاندانی چەند هەفتەی رابردوو رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بوو کە تێیدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە سەرانسەری فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان.



