رووداو دیجیتاڵ
دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا گوتی هێشتا "گەشتکردن بە فڕۆکە سەلامەتە"؛ بەڵام هۆشداریدا لە هەڵوەشانەوەی گەشتی زیاتر، لە کاتێکدا هێڵە ئاسمانییەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی هەزاران گەشتیاری گیریانخواردوو و بەجێماون لە فرۆکەخانەکان.
بەگوێرەی ماڵپەڕی (فلایت ئەوێر)ـی تایبەت بە چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا، زیاتر لە 20,000 گەشت کاریگەرییان لەسەر دروستبووە و لێکەوتەکانیشی تەواوی کەرتی فڕۆکەوانیی گرتووەتەوە، بە شێوەیەک رۆژی شەممە زیاتر لە 3,800 گەشتی ئاسمانیی ئەمریکا هەڵوەشێندراونەتەوە و 2,100 گەشتی دیکەش دواکەوتوون.
شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەم بەیانییە کارەکان بە هێواشی دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی. فڕۆکەکان بەرەو رێڕۆی فڕین دەڕۆن و دەفڕن، گەشتکردنیش بە فڕۆکە سەلامەتە."
دەفی گوتیشی: "بەردەوام دەبن لە چاودێریی هەندێک دواکەوتن و هەڵوەشانەوەی گەشتەکان، چونکە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی خشتەی گەشتەکان رێکدەخەنەوە و فڕۆکە و تیمەکان دەگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە زۆرترین پێویستییان پێیانە."
وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کراوە، گوتی: "لەپێشینەترین کاری ئێستامان ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی گەشتیاران بە زووترین کات و بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و نێو خێزانەکانیان."
ئەمە نەک هەر گەشتی ئاسمانیی ئەمریکای تووشی پشێوی کرد، بەڵکو نیگەرانیی جیدیشی لەبارەی ژێرخانی کۆنی وڵاتەکە و ئەگەری لاوازیی بەرامبەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دروستکردووە.
رۆژی هەینی، مارکوەین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە بوونی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی رێکخراو بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن، یان هەر پەیوەندییەکی بەو پەککەوتنەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە هەبێت کە کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دروستکرد.
بەڵام لە کاتێکدا رۆژی شەممە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس داوای لێکۆڵینەوەیان کرد لە هۆکاری ئەو پەککەوتنە گەورەیە و ئەوەی کە ئایا وڵاتەکە بە شێوەیەکی پێویست لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان پارێزراوە یان نا، حکومەت داوای لە گەشتیاران کرد ئارام بگرن.
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پێزانینمان بۆ ئارامگرتنی بەردەوامتان هەیە لە کاتێکدا کارەکان دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی."
تاوەکو پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، ترەمپ، کە زۆرجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زوو لێدوان لەسەر پرسە گەورەکانی لەم شێوەیە دەدات، هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە بڵاونەکردووەتەوە.



