رووداو دیجیتاڵ
دەستەی پاراستنی داتاکانی ئیتاڵیا رۆژی شەممە رایگەیاند، وڵاتەکە بە بڕی 805 ملیۆن یۆرۆ (880 ملیۆن دۆلار) سزای دارایی بەسەر کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووکدا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە وێنەی بەکارهێنەران بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مێتا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی فەیسبووک بۆ ئامێرەکانی ئەندرۆید، دەستی بە وێنە، ڤیدیۆ و زانیارییە پەیوەندیدارەکانی (مێتا داتا) بەکارهێنەرانی ئیتاڵیا گەیشتووە "بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی تایبەت و بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو ئاگاداریان بکاتەوە."
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیومەکسیکۆی ئەمریکا فەرمانیان بە مێتا کرد بڕی 25 ملیار دۆلار بدات، بەهۆی چەواشەکردنی دانیشتووانی ویلایەتەکە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی داتاکانیان؛ ئەوەش سزایەکی پێوانەیی بوو بۆ کۆمپانیاکە کە مێتا بە "باج" لەسەر ئازادیی رادەربڕین وەسفی کرد و رەخنەی تووندی لێگرت.
ئەم سزا نوێیەی رۆژی شەممە، یەکێکە لە گەورەترین ئەو سزایانەی کە تاوەکو ئێستا ئیتاڵیا بەسەر کۆمپانیایەکی زەبەلاحی تەکنەلۆژیادا سەپاندبێتی.
ساڵی 2021، کۆمپانیای ئەمازۆن بە بڕی زیاتر لە 1.1 ملیار یۆرۆ سزا درا بەهۆی پێشێلکردنی یاسای کێبڕکێ. دواتر لە قۆناخی تانەلێداندا، ئەو بڕە پارەیە بۆ 752 ملیۆن یۆرۆ کەمکرایەوە.
رەنگە کۆمپانیای مێتاش تانە لەم سزا نوێیە بدات. تاوەکو پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، کاتێک پەیوەندی بەو گرووپە ئەمریکییەوە کراوە، هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە.
تایبەتمەندیی گەلەریی فەیسبووک
ئەو سزایەی بەسەر فەیسبووکدا سەپێنراوە، پەیوەستە بە تایبەتمەندیی پێشنیازەکانی گەلەری کە لە ساڵی 2023ـەوە بەردەستە؛ ئەم تایبەتمەندییە لە کاتی گەڕانی بەکارهێنەراندا لەنێو ئەپەکەدا، وێنە و ڤیدیۆکانی نێو گەلەریی مۆبایلەکانیان وەک بیرۆکە بۆ بڵاوکردنەوەی پۆست پێشنیاز دەکات.
بەگوێرەی دەستەی چاودێریی ئیتاڵیا، فەیسبووک لە رێگەی تەنیا یەک مۆڵەتەوە کە بۆ تەواوی ئەپەکە کاری پێدەکرا، داوای دەستڕاگەیشتن بە گەلەریی کردووە و پێش ئەویش ئاگادارکردنەوەیەکی گشتی نیشان داوە کە داوای چالاککردنی تایبەتمەندییەکانی دیکەی کردووە، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنەران نەتوانن لەوە تێبگەن کە هاوکات رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکانی گەلەرییەکەشیان دەدەن.
لەمەودوا مێتا ناچار دەبێت لە رێگەی داواکارییەکی جیاواز و تایبەت بەو تایبەتمەندییە رەزامەندی وەربگرێت و بە روونی ئاماژە بەوە بدات کە بۆ چ مەبەستێک بەکاردێت، واتە روونی بکاتەوە کە دەستڕاگەیشتن بە گەلەریی وێنەی بەکارهێنەری تێدایە، هەروەها چۆنیەتی ناچالاککردن و راگرتنیشی نیشان بدات.
دەستەکە رایگەیاند، لە دیاریکردنی قەبارەی سزاکەدا، رەچاوی "ژمارە زۆرەکەی ئەو کەسانەی کردووە کە کاریگەرییان لەسەر بووە"، کە نزیکەی 20 ملیۆن بەکارهێنەری ئەندرۆیدن لە ئیتاڵیا، لەگەڵ ماوەی بەردەوامبوونی پێشێلکارییەکە، "کە هێشتا بەردەوامە بۆ ئەوانەی ئەپەکەیان نوێ نەکردووەتەوە و ئەوانەشی کە پێشتر رەزامەندییان بە سیستمەکە داوە."
دەستەکە هەروەها ئاماژەی بە "هاوکارینەکردنی کۆمپانیای مێتا لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا" کردووە وەک یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی سزاکە.
ئەو سزایەی سەپێنراوە دەکاتە نزیکەی 0.4%ـی کۆی داهاتی ساڵانەی گرووپەکە، کە لە ساڵی 2025ـدا گەیشتە 201 ملیار دۆلار و قازانجی پوختیشی 60.5 ملیار دۆلار بوو.



