رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەرەنسا و سەرچاوەیەکی پۆلیس رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر فرۆشگەیەکی زێڕ و خشڵی کۆمپانیای (دی بیرز) لە پاریس و بایی زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆ (1.1 ملیۆن دۆلار) کاڵایان دزیوە، پاشان بە ماتۆڕسکیل بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی پاریس، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ لەسەر شەقامی (ریو دوو لا پێ)ی نزیک مەیدانی ڤاندۆم روویداوە. تۆمەتبارەکان لە کاتی دزییەکەدا چەکیان پێبووە.
سەرچاوەیەکی پۆلیس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بەهای زێڕ و خشڵە دزراوەکانی بە زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە.
پۆلیسی پاریس رایگەیاند، هێز و توانایەکی زۆری بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە خستووەتە گەڕ. هاوکات داواکاری گشتی ئاشکرای کرد، یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لێکۆڵینەوەیەکی بە تۆمەتی "دزیی چەکدارانە لەلایەن باندێکی رێکخراوەوە" دەستپێکردووە.
کۆمپانیای (دی بیرز) یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان و بۆ ماوەیەکی زۆرە باڵادەستە بەسەر بازرگانیی ئەڵماسدا لە باشووری ئەفریقا. ئەم دزییەش لە کاتێکدایە کە پاریس هێشتا لە ژێر کاریگەریی دزییە گەورەکەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە تشرینی یەکەمی 2025ـدایە کە تێیدا بایی 88 ملیۆن یۆرۆ خشڵی شاهانە لە رۆژی رووناکدا دزرا.



