رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو یەکەمین وڵات ئاشکرا بکرێت کە میوانداریی (ناوەندی دیپۆرتکردنەوە) دەکات بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە ئەورووپاوە دەردەکرێن.
مێتێ فرێدریکسن، لە پەراوێزی لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا لە شاری دبلنی پایتەختی ئێرلەندا گوتی: "زۆر نزیک بووینەتەوە لەوەی بتوانین ناوەندێک لە دەرەوەی ئەورووپا دروست بکەین. هەفتەی داهاتوو دەتوانین زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە رابگەیێنین." چەند سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی فەرەنسایان راگەیاندووە کە رەنگە راگەیاندنی ناوی وڵاتەکە لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی تایبەت بە پرسی کۆچبەران بێت کە بڕیارە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە ڤیەننا بەڕێوەبچێت.
چەند مانگێکە پێنج وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا (دانیمارک، ئەڵمانیا، نەمسا، یۆنان و هۆڵەندا) لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات یەکێک لەو ناوەندانە دابمەزرێنن تاوەکو لە 2027 دەست بە گواستنەوەی کۆچبەران بکرێت، ئەمەش سەرەڕای دژایەتیی تووندی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
هەرچەندە هەریەکە لە رواندا، ئۆگەندا و ئۆزبەکستان وەک وڵاتانی ئەگەری بۆ میوانداریکردنی ناوەندەکە ناویان هێنراوە، بەڵام دیپلۆماتکاران و ئەو کەسانەی ئاگاداری گفتوگۆکانن دەڵێن، رواندا ئێستا دیارترین بەربژێرە.
رواندا لە مانگی ئابی رابردوودا پشتڕاستی کردبووەوە کە "گفتوگۆی سەرەتایی" لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەورووپیدا دەستپێکردووە، بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەکان بهێنێت.
ئامانج و کاردانەوەکان
ئەم ناوەندانە تایبەت دەبن بەو پەناخوازە رەتکراوانە و کۆچبەرە نایاساییانەی کە دەبێت ئەورووپا جێبهێڵن، بە تایبەتی ئەوانەی ناتوانرێت راستەوخۆ بنێردرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان بەهۆی ئەوەی وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە. ئەم هەنگاوەش دوای پەسندکردنی رێسای نوێی گەڕاندنەوە دێت لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە لە سەرەتای ئەمساڵدا کە رێگە بە دروستکردنی ناوەندی دیپۆرتکردنەوە لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە دەدات.
پشتیوانانی پڕۆژەکە پێیانوایە ئەم ناوەندانە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە خێراتر دەکەن و دەبنە بەربەست لەبەردەم کۆچی نایاسایی و قاچاخچییەکاندا. بەڵام رەخنەگران و رێکخراوەکانی وەک لێبووردنی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئەورووپا هۆشداری دەدەن لەوەى ئەم ناوەندانە دەبنە "چاڵی رەشی یاسایی" و کۆچبەران بەبێ چاودێریی یاسایی گونجاو لە دۆخێکی مەترسیدار و نادیاردا دەهێڵنەوە.



